Accessibility links

دەیان هەزار کەس بۆ دەربڕینی ماتەمینی خۆیان لە جادەکانی شارەکەی محەمەد عەلی کلای وەستاون


بە دەیان هەزار کەس ئەمڕۆ هەینی لە جادەکانی شاری لویڤێلی ویلایەتی کەنتاکی لە پاڵ یەکتردا وەستاون بۆ دەربڕینی ماتەمینی خۆیان و ماڵئاوایی کردن لە ڕۆڵەی شارەکەیان محەمەد عەلی کلای پاڵەوانی یاری بۆکسێن کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە تەمەنی 74 سـاڵیدا گیانی سپارد.

دوێنێ پـێنجشەممەش لە فریدم هۆڵی شارەکە مەراسیمی نوێژی جەنازەی بۆ سـازکرا بە ئامادەبوونی نزیکەی 14 هەزار کەس کە لە سەرانسەری جیهانەوە هاتبوون. زۆرێـک لە ئامادەبووان بە پاڵەوانی گەلیان ناودێرکرد.

پـرۆفیسۆر شێرمەن جاکسن لە زانکۆی ساوثرن کالیفۆرنیا کە کەسایەتیـیەکی موسڵمانی ناودارە گوتی " کۆچی محەمەد عەلی وەهای لێکردووین زیاتر هەست بە یەکگرتووییمان لە جیهاندا بکەین." هەروەها ستایشی کرد لەسەر داکۆکیکردنی لە مافی ئەمەریکایـیە ڕەش پـێستەکان لە سـاڵانی شەستەکاندا.

کۆچکردوو لە ساڵی 1964 بوو بە موسڵمان و ناوی خۆی لە کاسیۆس مارسیلۆس گۆڕی بۆ محەمەد عەلی کلای. سێ جار پاڵەوانی جیهانی بردووەتەوە لە یاری پـۆکسێن بۆ کێشی قورس. لە سـاڵی 1984 وە تووشی نەخۆشی ئیفلیجی پارکنسن بووبوو و لە ساڵی 2005 وە باری تەندروستی زۆر بەرەو خراپی ڕۆیشت هەتا هەینی ڕابردوو لە نەخۆشخانەیەکی شاری فینکسی ویلایەتی ئەریزۆنا بەهۆی هەوکردن و دابەزینی زۆری فشاری خوێنی گیانی لەدەسـتدا.

XS
SM
MD
LG