Accessibility links

حەشدی شەعبی دەڵێت هێزەکانی لە نزیک تەلەعفەر بە هێزەکانی پـێشمەرگە گەیشتوونەتەوە

  • VOA News

حەشدی شەعبی لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند هێزەکانیان گەیشتوونەتە سەر ڕێگای سەرەکی نێوان هەردوو شاری تەلەعفەر و شەنگال و لە ئێسـتادا لە ناوچەی سینۆ بە هێزەکانی پـێشمەرگە گەیشتوونەتەوە.

ئەبو مەهدی ئەلموهەندس فەرماندە لە حەشدی شەعبی ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ڕۆژئاوای موسڵ بە کۆتایی گەیشت پاش ئەوەی ئامانجەکەیان بەجێ گەیاند. گوتیشی لە ئێستادا داعش تەنها ڕێگای تەلەعفەر بۆ موسڵی بەدەسـتەوە ماوە.

لە لایەکی دیکە بەپـێی ڕاپـۆرتێـکی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەیان هەزار کەسی سیڤیل لە شاری تەلەعفەر ئاوارەبوون هاوکاتی نزیکبوونەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شارەکەیان.

کاربەدەسـتان لە ناوچەکە بە ڕۆیتەرزیان گوتووە ئاوارەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی سیڤیل بووەتە جێی نیگەرانی ڕێکخراوە مرۆیـیەکان، دەڵێن هەندێک لەو ئاوارانە بەرەو ناوچەی دوردەستی ژێر دەسەڵاتی داعش دەچن کە سەختە بتوانرێت پـێداویستی و کۆمەکیان بۆ ڕەوانەبکرێت.

نورەدین قەبلان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا کە خەڵکی تەلەعفەرە و لە ئێستادا لە شاری هەولێرە گوتی نزیکەی 3 هەزار خێزان لە تەلەعفەر هەڵاتوون، نیوەیان بەرەو باشوری ڕۆژئاوای شارەکە هەڵاتوون بە ئاڕاستەی سوریا و نیوەکەی دیکە بەرەو باکور ڕۆیشتوون بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پـێشمەرگە.

گوتیشی داوایان لە کاربەدەسـتانی هەرێمی کوردسـتان کردووە ڕێگایەکی سەلامەت بۆ خەڵکی سیڤیل دابین بکەن. باسی لەوەش کرد خەڵکی سیڤیلی شارەکە مەترسیـیان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی هەیە و داعش لە شەوی یەکشەممەوە ڕێگەی بە خەڵکی داوە شارەکە جێبهێڵن.

جێی ئاماژەیە تەلەعفەر شارێـکی تێکەڵە لە تورکمانی شیعە و سووننە، بەڵام لەوەتای داگیرکردنی شارەکەیان لە لایەن داعشەوە زۆربەی شیعەکانی شارەکە هەڵاتوون.

XS
SM
MD
LG