Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان شوێن بۆ 150 هەزار ئاوارەی موسڵ و دەوروبەری دابین دەکات


کاربەدەستێـکی ئۆفیسی پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت دەزگاکەیان ئامادەکاری دەکات بۆ دابینکردنی ڕێوشوێنی پـێویست بۆ نزیکەی 150 هەزار ئاوارەی شاری موسڵ و دەوروبەری.

فلیپـۆ گراندی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە عەمـمانی پایتەختی ئوردن گوتی لە ماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژی داهاتوو 30 هەزار چادر لە ناو عێراق ئامادەدەکەن کە بەسن بۆ لەخۆگرتنی 150 هەزار کەس.

گوتیشی هەتا ئێستا نزیکەی 7500 کەس لە ناوچەکانی دەوروبەری موسڵ بەرەو ناوچەکانی دیکەی ناو وڵاتەکە ئاوارەبوون و نزیکەی 1000 ئاوارەی دیکە بەرەو سوریا پەڕیونەتەوە.

فلیپـۆ کە بەر لەوەی بگاتە ئوردن سەردانی عێراقی کردبوو، گوتی گرفتی نەبوونی شوێنیان هەیە کە ئاوارەکان لە خۆ بگرن و بۆ ئەم مەبەستە لە وتووێژدان لەگەڵ کاربەدەسـتانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردسـتان. باسی لەوەش کرد عێراق لە ئێسـتادا نزیکەی 3 ملیۆن ئاوارەی لێـیە، لەوانە نزیکەی ملیۆنێـکیان لە هەرێمی کوردسـتانن.

نەتەوە یەکگرتووەکان پـێشتر نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە بارەی چارەنووسی نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس لە دانیشتوانی شاری موسڵ.

XS
SM
MD
LG