Accessibility links

ڕێکخراوێکی ناحکومی: نزیکەی 350هەزار منداڵ لە ڕۆژئاوای موسڵ گیریان خواردووە


ڕێکخراوی "save the children"ی ناحکومی بەڕیتانی هۆشیاریدا نزیکەی 350 هەزار منداڵ لە بەشی ڕۆژئاوای شاری موسڵ گیریان خواردووە، داواش لە هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانان دەکات ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بدەن پارێزگارییان لێبکەن.

بەڕێوبەری ئۆفیسی ڕێکخراوەکە لە عێراق ماوریزیۆ کریڤالێرۆ جەختی لە دروستکردنی ڕێڕەوێکی پارێزراو کردەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە پارێزراوی پیایدا تێپەڕ ببن، لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق دەستیان کردەوە بە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ گرتنەوەی ڕۆژئاوای موسڵ لەژێر دەستی چەکدارانی داعش لە دوای ڕزگارکردنی بەشی ڕۆژهەڵاتی شارەکە.

ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەکەشیدا ئاماژەی بەوەدا بۆردومانەکان لەم شەقامە بەرتەسک و قەرەباڵغانەدا لەوانەیە زۆر خوێناویتر بن لە هەموو ئەوانەی پـێشتر لەم شەڕەدا بینراون.

هەروەها ئەو خێزانانەشی ڕێکخراوەکە پەیوەندی پێوە کردوون دەڵێن " ڕاکردن بژاردەیەک نیە لەبەردەستماندا" بەهۆی ئەو هەڕەشانەی کە لێیان کراوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە.

کریڤالێرۆ وتیشی " منداڵەکان لەبەردەم هەڵبژاردنێکی خراپدان لە بەشی ڕۆژئاوای موسڵ: ئەگەر بمێننەوە دەبێت ڕووبەڕووی بۆمب و شەڕ و برسێتی ببنەوە و ئەگەرهەوڵی ڕاکردنیش بدەن دەبێت ڕووبەڕووی لەسێدارەدان و فیشەکی قەناس ببنەوە."

وتیشی " دەبێت هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانان بە تایبەتی ئەمەریکا و بەریتانیا تەواوی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ پاراستنی ئەو منداڵ و خێزانانە."


سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG