Accessibility links

ژەنەڕاڵێـکی ئەمەریکایی: شەڕی موسڵ شەڕێـکی قورس و سەخت دەبێت


حەیدەر ئەلعەبادی سەرەک وەزیری عێراق هاوکاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ لە دەستی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی دەڵێت عیراق ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕێت.

ئەم ئۆپەراسیۆنە لەشکرییە گەورەترین هەڵمەتی لەشکرییە لە عیراقدا لەوەتای پێنج ساڵ لەمەوبەری کشاندنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا.

ژەنەراڵ ستیفن تاونسیند، سەرکردەی هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی ئاگاهیداوە کە لەوانەیە شەڕی ئازادکردنی موسڵ چەند هەفتەیەک و یان زیاتریش بخایەنێت.

ژەنەراڵ تاونسیند دەشڵێت "ئەم شەڕە شەڕێکی قورس و سەختیش دەبێت بەڵام عێراقیەکان خۆیان بۆ ئامادەکردووە و ئێمەش پشتیوانییان دەکەین."

ئاشتن کارتەر، وەزیری بەرگری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دەڵێت ئەم ساتەوەختە ساتەوەختێکی بەرچاوە لە هەڵمەتەکانی دژی دەوڵەتی ئیسلامیدا.

لە ڕاگەیاندنەکەیدا ئاشتن کارتەر دەڵێت " ئێمە متمانەمان هەیە کە هاوبەشەکانمان لە عێراق سەرکەوتن بەسەر دوژمنە هاوبەشەکەماندا بەدەست دێنێت شاری موسڵ و هەموو ناوچەکانی تریش لە ڕق و کینە و دڕندایەتی دەوڵەتی ئیسلامی ڕزگاردەکەن.

کارمەندانی فریاگوزاری دەڵێن هێشتا دیار نییە خەڵکی سیڤیل لە ناو شارەکەدا چی دەکەن و ڕەخنەشیان لە پلان داڕێژەرانی ئەم ئۆپەراسیۆنە گرتووە کە نەیانتوانیوە ڕێگەیەکی ڕوون و ئاشکرا دەستنیشان بکەن بۆ دەربازکردنی خەڵکی سیڤیل.

ستیفن ئۆبراین، سەرۆکی بەشی کۆمەکی مرۆڤایەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت شوێنی 60 هەزار کەس هەیە لەو ئۆردوگایانەی تەرخانن بۆ ئەوانەی بەهۆی شەڕەکانەوە ئاوارە بوون و بەم زووانەش دەتوانرێت لەو شوێنانەدا پێسوازی لە 250 هەزار کەس بکرێت.

ئۆبراین دەشڵێت لەوانەشە یەک ملیۆن کەس شاری موسڵ جێبهێڵن و ئەمەشی بە بەدترین سیناریۆ ناودێرکردووە.

XS
SM
MD
LG