Accessibility links

هێزەکانی عێراق لە ڕزگارکردنی تەواوی شارۆچکەی گەیارەی موسڵ نزیکدەبنەوە

  • VOA News

هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێـکیان دەسـتپـێـکردووە بۆ ڕزگارکردنی شارۆچکەی گەیارە لە باشوری پارێزگای نەینەوا، ئەمەش وەک هەنگاوێـک بە ئاڕاستەی شاری موسڵ کە 60 کیلۆمەتر لەو شارۆچکەیەوە دورە.

عەمید فیراس بەشار گوتەبێژی فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ئۆپەراسیۆنەکە دەسـتیپـێـکرد بە بەشداری هێزەکانی دژە تێرۆر و لەشکر و بە پاڵپشـتی فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا.

گوتیشی ئۆپەراسیۆنەکە بە خێرایی بەڕێوەدەچێت و پـێشـڕەویـیەکی زۆر کراوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد چەکداری خەڵکی شارۆچکەکە هاوکاری هێزەکانی حکومەت دەکەن.

لە لایەکی دیکە ساڵح ئەلجبوری بەڕێوبەری شارۆچکەی گەیارە بۆ فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند هێزەکانی حکومەت بنکەی پـۆلیس و بازاڕی شارۆچکەکەیان ڕزگارکردووە لەگەڵ چەند گەڕەکێـک. باسی لەوەش کرد کە نزیکەی 15 هەزار کەسی سیڤیل لە شارۆچکەکەدان.

بەپـێی کەناڵی ئەلحوڕە و ڕادیۆ سەوا هێزەکانی حکومەت گەمارۆی چەکدارانی داعشیان لە نێو شارۆچکەکە داوە پاش ئەوەی نزیکەی 50 چەکداریان لێ کوشتن، لەوانە ئەبو ئەلفتوح ئەلشیشانی فەرماندەی داعش لە شارۆچکەکە. هەروەها زیاتر لە 20 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو تەقێنراونەتەوە کە داعش بۆ هێرشەکانی ئامادەی کردبوون.

XS
SM
MD
LG