Accessibility links

گەورە ئەفسەری لەشکری ئەمەریکا لە عێراق دەڵێت ڕەنگە بەنداوی موسڵ هەرەس بهێنێت

  • VOA News

گەورە فەرماندەی لەشکری ئەمەریکا لە عێراق دەڵێت لەشکری وڵاتەکەی پـلانێـکی بە پەلەی داناوە بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن، ئەگەر هاتوو بەنداوی موسڵ هەرەسی هێنا. دەشڵێت ئەگەر ڕووبدات ئەوا کارەسات دەبێت.

جەنەڕاڵ شۆن ماکفەرلاند فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ شەڕی دژی داعش لە عێراق و سوریا ئەمڕۆ پـێـنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە بەغدا گوتیشی دەسەڵاتدارانی عێراقیش ئەو ڕاستیـیە دەزانن و ئێستا لەشکری ئەمەریکا لەگەڵ حکومەتی عێراق پـێکەوە کاردەکەن بۆ دانانی پلانێـک بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیل لە ئاکامەکانی هەرەسهێنانی بەنداوەکە.

گوتیشی ئەگەر هەرەس بهێنێت، ئەوا ناوچەکانی نزیک ڕووباری دیجلە لە خوارو بەنداوەکە کە دانیشـتوانی لێـیە شەپـۆلێکی گەورەی ئاو لێـیان دەدات.

پاشان باسی لەوەکرد هەموو هەوڵێـکی خۆیان دەدەن ڕێگە لە هەرەسهێنانی بەنداوەکە بگرن، بەڵام ئاگاهی دا ئەگەر هەرەسی هێنا ئەوا زۆر بە خێرایی دەبێت و ئەمەش زۆر خراپە.

باسی لەوەش کرد ئەگەر ئەو بەنداوە لە ئەمەریکا بووایە ئەوا ئاوەکەی بەتاڵ دەکرا و چیتر بەکار نەدەهێنرا.

جەنەڕاڵ شۆن گوتیشی ئەو کاتەی داعش بەنداوەکەی داگیرکردبوو هەموو ئامێر و کەلوپەلەکانی بە تاڵان بردبوو و تەکنیککارەکانیشی دەربەدەرکردبوو. باسی لەوەش کرد جاران بە بەردەوامی پایەکانی بەنداوەکە بەهێزدەکرانەوە، بەڵام پاش وەستاندنی ئەو کارانە حاڵی بەنداوەکە زیاتر خراپـتر بووە.

حکومەتی بەغدا بە نیازە لەگەڵ کۆمپانیای ترێڤی ئیتالی گرێبەستێـک مۆربکات بۆ نۆژنکردنەوەی بەنداوەکە کە درێژیـیەکەی 3.6 کیلۆمەترە و لەوەتای لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە بنیادنراوە دووچاری گرفتی زۆر بووە.

XS
SM
MD
LG