Accessibility links

کاربەدەسـتانی ئەمەریکا: پـێشبینی دەکرێت داعش چەکی کیمیاوی لە شەڕی موسڵ بەکاربهێنێت


وێنەی ئەرشیف
وێنەی ئەرشیف

کاربەدەسـتانی ئەمەریکایی دەڵێن پـێشبینی دەکرێت داعش چەکی کیمیاویی جۆری سەرەتایی لە شەڕی موسڵدا بەکاربهێنێت لەم دەمەی ڕووبەڕووی هێرشێـکی بەرفراوانی پـێشمەرگە و هێزە عێراقیـیەکان بووەتەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ چوارشەممە لە زاری کاربەدەسـتێـکی ئەمەریکاوە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی هێزە ئەمەریکایـیەکان دەسـتیانکردووە بە کۆکردنەوەی پارچەی تەقەمەنیـیەکانی داعش و پاشان ڕەوانەی تاقیگەکانی دەکەن تاوەکو بزانرێت ئایا هیچ ماددەیەکی چەکی کیمیاویـیان پـێوەیە یان نا. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو داعش گازی خەردەلی بەکارهێنابوو.

کاربەدەستێـکی دیکە گوتویەتی هێزە ئەمەریکایـیەکان پـشـتڕاستیانکردووەتەوە ئاسەواری گازی خەردەل بە پارچەی تەقەمەنیـیەکانی داعشەوە دۆزراوەتەوە کە لە هێرشێـکدا لە 5 ی مانگی دە بەکاریان هێنابوو. دەڵێن ئامانجی هێرشەکە هێزە خۆجێـیەکان بووە نەک هێزەکانی ئەمەریکا یان هاوپەیمانان.

هەروەها ئەم کاربەدەسـتە گوتویەتی بەمە سەرسام نەبوون، چونکە داعش هیچ ڕێزێـک لە یاسا و ڕێسا نێونەتەوەیـیەکان ناگرێت.

بەڵام سەرەڕای ئەمەی پـێشبینی دەکرێت داعش ئەم چەکە ترسناکە بەکاربهێنێت، کاربەدەسـتانی ئەمەریکا دەڵێن لەو بڕاویەدان هەتا ئێستا داعش نەیتوانیوە چەکی کیمیاوی مەترسیدار و کوشندە دروسـتبکات، بۆیە هێشتا چەکی ئاسایی مەترسی سەرەکیـیە بۆ سەر هێزە عێراقی و کوردیـیەکان و ئەو ڕاوێژکارە بیانیـیانەی زۆر نزیکن لە بەرەکانی شەڕەکەوە.

جێی ئاماژەیە گازی خەردەل زیان بە سی و پـێستی مرۆڤ دەگەیەنێت، بەڵام ئەگەربێت و بڕێـکی کەمی لە مرۆڤ بدات کوشندە نابێت.

نزیکەی 5 هەزار سەرباز و ئەفسەری هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراقن و بەپـێی کاربەدەسـتان زیاتر لە 100 کەسیان لە بەرەکانی شەڕی موسڵ یارمەتی هێزەکانی عێراق و پـێشمەرگە دەدەن لە ڕاوێژکاری و هەماهەنگی لە هێرشە ئاسمانیـیەکانی هاوپەیمانان.

XS
SM
MD
LG