Accessibility links

مەغریب دەڵێت داعش بەنیازبووە هێرشی بایۆلۆجی لە وڵاتەکەیان ئەنجام بدات


دەسەڵاتدارانی مەغریب دەڵێن ئەو شانە تێرۆرستیـیەی سەر بە داعش کە دوو هەفتە لەمەوبەر لە وڵاتەکەیان ئاشکراکرا، بە نیازبوو بە کەرەستەی بایۆلۆجی کوشندە هێرشی تێرۆرستی ئەنجام بدات.

وەزارەتی ناوخۆی مەغریب ئەمڕۆ پـێـنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی پاش بینینی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی ناوەندی لێکۆڵێنەوەی یاسایی، دەرکەوتووە ئەو کەرەستانەی دەستیان بەسەرداگیرابوو لە هەڵمەتی هێزەکانی ئاسایش بۆ سەر شوێنی ئەو تێرۆرستانە ، کەرەستەی بایۆلۆجی زۆر مەترسیدار و کوشندەیە کە لە لایەن دەزگا تەندروسـتیـیە جیهانیـیەکانەوە بە چەکی بایۆلۆجی دادەنرێت.

هەرەچەندە وەزارەتەکە جۆرەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام نووسیویەتی ئەگەر بێت و بڕێـکی کەمی ئەو کەرەستەیە لە ڕێگەی هەوا یان ئاو بچێتە نێو جەستەی مرۆڤەوە، ئەوا بەسە بۆ ئەوەی ئیفلیجی بکات و مێشکی لەکاربخات و پاشان گیانی لەدەسـتبدات.

جێی ئاماژەیە لە 18 ی مانگی دووی ئەمساڵ، هێزەکانی ئاسایشی مەغریب ئەو شانە 10 کەسیـیەی داعشیان هەڵوەشاندەوە کە یەکێـکیان ڕەگەزنامەی فەڕەنسی هەیە.

وەزارەتی ناوخۆی مەغریب گوتی ئەو تۆڕە تێرۆرستیـیە لە شارەکانی سوێرە و مکناس و سیدی قاسم چالاکبوون و نەخشەدانەری گروپەکە لە ماڵێکدا لە شاری جەدیدە دەسـتگیرکرا. هەروەها لە ماڵەکە کۆمەڵێـک چەک و کەرەستە دەستیانبەسەرداگیرا، لەوانە 4 کلاشینکۆڤ و 4 دەمانچە و قەناسێـک و 13 بۆمبی نارنجۆکی فرمێسک ڕێژ و ئاڵای داعش و جلوبەرگی لەشکریش لەگەڵ 6 قتوی پلاستێـکی و 3 شوشە کە هەموویان کەرەستەی گوماناویـیان تیادابووە.

پاشان وەزارەتەکە ڕایگەیاند ئەم گروپە کە نیازیشیان هەبووە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویش بتەقێنـنەوە، پەیوەندیـیان بە دوو سەرکردەی داعشەوە هەبووە کە یەکێـکیان لە تورکیایە.

مەغریب دەڵێت لەوەتای سـاڵی 2013 وە هەتا ئێسـتا 31 شانەی تێرۆرستی هەڵوەشاندووەتەوە کە پەیوەندیـیان بە گروپە توندەڕەوەکانی ناو سوریا و عێراق هەیە، لەوانە داعش.

XS
SM
MD
LG