Accessibility links

مەغریب کەسێـک دەسـتگیردەکات کە پەیوەندی بە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی پاریسەوە هەبووە


مەغریب دەڵێت کەسێـکی بەلجیکی بە ڕەچەڵەک مەغریبی دەسـتگیرکردووە کە پەیوەندیـیەکی ڕاستەوخۆی هەبووە بە ژمارەیەک لە ئەنجامدەرانی هێرشە تێرۆرستیـیەکانی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردووی سەر پاریس.

وەزارەتی ناوخۆی مەغریب ڕۆژی دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی ج.ع. لە شاری ئەلمحەمەدیـیەی باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری کازابلانکا (دار البیضاء) دەسـتگیرکراوە. دەڵێت ئەم کەسە دانی ناوە بەوەی کاتی خۆی لەگەڵ یەکێـک لە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی سەر پاریس چووە بۆ سوریا و لە سەرەتادا پەیوەندی بە بەرەی نوسرە کردووە و پاشان چووەتە ناو داعش و لەوێ مەشق و ڕاهێنانی پـێـکراوە و هەر لەوێش بەشداری شەڕی کردبوو.

دەشڵێن لەو ماوەیەی لە سوریا بووە پەیوەندیـیەکی باشی لەگەڵ سەرکردەکانی داعش دروسـتکردووە، لە نێویاندا ئەو کەسەی نەخشەی بۆ هێرشەکانی سەر پاریس دانابوو.

هەمان سەرچاوە دەڵێت ئەم کەسە دواتر بەرەو تورکیا ڕۆیشتووە و پاشان بۆ ئەڵمانیا و بەلجیکا و هۆڵەندا و لەوێشەوە بەرەو مەغریب هاتووە.

کاربەدەسـتانی مەغریب دەڵێن دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان ڕاپـێچی بەردەم دادگای دەکەن، بەڵام هیچ ئاماژەیان بۆ ئەوە نەکرد ئایا ڕادەسـتی فەڕەنسا دەکرێت یان نا.

XS
SM
MD
LG