Accessibility links

فیدریکا مۆگێرینی: ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران ڕەنگە ڕێخۆشکەربێت بۆ هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندیـیە نێودەوڵەتیـیەکان


پاش دەیان گەڕی دانوسـتاندن و وتووێژ لە نێوان دیپـلۆماتان و شارەزایان لە وڵاتانی زلهێزی جیهان و ئێران، ڕێکەوتنی کۆتایی لەسەر بەرنامە ناوکیـیەکەی ئێران مۆرکرا.

ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، فیدریکا مۆگێرینی بەرپـرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بەندەکانی ڕێکەوتنەکەی ڕاگەیاند و گوتی ڕەنگە ئەمە ڕێخۆشکەر بێت بۆ هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندیـیە نێودەوڵەتیـیەکان.

خانم مۆگێرینی گوتی ڕێکەوتنەکە لەسەر ئەو بنەمایە دانراوە کە بەرنامە ناوکیـیەکەی ئێران تەواو بۆ کاری ئاشتیخوازانە دەبێت. گوتیشی بە هەماهەنگی و هاوکاری تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕێکەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت.

پاشان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ڕێکەوتنەکە بۆ بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەوانەدەکرێت تاوەکو لەوێش بە فەرمی پەسەندبکرێت.

جەواد زەریف لای خۆیەوە بە زمانی فارسی دەقی ڕێکەوتنەکەی خوێندەوە و گوتی "ساتێـکی مێژوویی‌یە و ڕێکەوتنەکە لاپەڕەیەکی نوێ لە هیوا هەڵدەداتەوە."

XS
SM
MD
LG