Accessibility links

هەزاران پەنابەر لە یۆنان چاوەڕێن بەرەو ئەڵمانیا و وڵاتانی دەروبەری کۆچ بکەن


هاوکاتی ئەوەی ژمارەیەکی ئێجگار زۆری پەنابەران هەوڵ دەدەن لە هەنگاریاوە بەرەو ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوای ئەوروپا بڕۆن، هەزاران پەنابەری دیکە هەن لە یۆنان و مەکەدۆنیا گیریان‌خواردووە نازانن کەی دەتوانن ئەوانیش بگەنە ئەو بەشە ڕۆژئاوایـیەی ئەوروپا.

ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند نزیکەی 30 هەزار پەنابەر گەیشـتوونەتە یۆنان، 15 بۆ 18 هەزاریان لە دورگەی لێسبۆسن. لە لایەکی دیکە 7 هەزار پەنابەری سوری گەیشـتوونەتە مەکەدۆنیا.

ئاژانسی ناوبراو دەشڵێت ئەگەربێت ڕەوشەکە وەها بەردەوام بێت، ئەوا ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە دەگەنە ئەوروپا دەگاتە 400 هەزار کەس.

هەروەها ئەمڕۆ سێشەممە پـێـکدادانی نوێ لە نێوان پـۆلیس و پەنابەران لە دورگەی لێسبۆسی یۆنان ڕوویدا. دەیان پاسەوانانی کەنارەکانی یۆنان و پـۆلیسی دژە ئاژاوە هەوڵیان دەدا کۆنترۆڵی نزیکەی 2500 پەنابەر بکەن کاتێـک ڕوویان لە کەشتیـیەک کرد کە حکومەت بە کرێی گرتبوو و بەرەو ئەسینا دەڕۆیشت.

کاربەدەسـتان مەترسی خۆیان دەڕبری لە بەرامبەر ئەوەی دورگەکە چیتر کەسی دیکە ناگرێت.

لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد توسک سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا ئاگاهی دا کە شیانی هەیە ئەم دیارەدی کۆچکردنە بۆ چەندان سـاڵ بەردەوام بێت.

XS
SM
MD
LG