Accessibility links

ڕاوێژکاری پـێشووی ئاسایشی نیشتمانی سەرۆک ترامپ داوای پەناپارێزی یاسایی دەکات

  • VOA News

ڕاوێژکاری پـێشووی ئاسایشی نیشتمانی سەرۆک ترامپ پـێشنیاری کردووە هاوکاری لەگەڵ لێکۆڵەرەوانی نێو کۆنگرێس بکات سەبارەت بە شیانی هەبوونی پەیوەندی لە نێوان تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆک ترامپ و ڕووسیا، بەو مەرجەی پەناپارێزی یاسایی بۆ مسۆگەربکرێت.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ یەکەم دەزگای ڕاگەیاندن بوو ڕۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە مایکڵ فڵن لە وتووێژ و پەیوەندیدایە بۆ بەدەسـتهێنانی پەناپارێزی یاسایی، بەڵام کەس بەو مەرجەی قایل نەبووە. بەپـێی ڕۆژنامەکە فڵن ئەم پـێشنیارەی خستووەتە بەردەم دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI و هەردوو کۆمیتەی هەواڵگری لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سیناتدا.

ڕۆبەرت کەڵنەر پارێزەری فڵن شەوی پـێنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا کە لەسەر تویتەرەکەی بڵاویکردەوە نووسیویەتی"بێگومان جەنەڕاڵ فڵن قسەی هەیە بیڵێت و زۆریش دەیەوێت قسە بکات ئەگەر هەلومەرجەکە بواری پـێبدات."

پاشان گوتی" لەبەر ڕێزمان بۆ کۆمیتەکان ئێستا هیچ لێدوانێک نادەین لە بارەی وردەکاری وتووێژەکانی نێوان لایەنی داکۆکیکار لە جەنەڕاڵ فڵن و هەردوو کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سینات، تەنها پشتڕاستی دەکەینەوە ئەو وتووێژانە کراون."

لە ئێستادا کۆنگرێس بەلایەنی کەم 4 لێکۆڵینەوەی جودا ئەنجام دەدات سەبارەت بەو ڕاپـۆرتانەی دەڵێن مۆسکۆ هەوڵی دابوو کاربکاتە سەر هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بۆ بەرژەوەندی سەرۆک ترامپ.

جێی ئاماژەیە بەپـێی دەستوری ئەمەریکا دەکرێت کەسێـک پەناپارێزی یاسایی بدرێتێ تاوەکو دانبنێت بە تاوانەکانی و ڕوونکردنەوە لەسەر کەیسێک بدات بەبێ ئەوەی سزابدرێت. پـێشتر لە کەیسی "ئێران کۆنترا" لە ساڵانی کۆتایی هەشتاکاندا و لە سەردەمی ڕۆناڵد ڕیگن، ئۆلیڤەر نۆرث ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی پەناپارێزی یاسایی وەرگرت و دانی نا بە تەواوی زانیاریـیەکانی دەیزانین لەبارەی کەیسەکە کە بە نهێنی چەکی ئەمەریکا بە ئێران درابوو لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک ئەمەریکایی کە لە لوبنان لە لایەن حزبوڵڵاوە بە بارمتە دەسـتگیرکرابوون.

XS
SM
MD
LG