Accessibility links

لە مەکسیک 250 کەلە سەر لە گۆڕی بە کۆمەڵدا دەدۆزرێنەوە


کاربەدەستانی مەکسیک دەڵێن لە نزیک شاری ڤێراکروز لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە گۆڕی بە کۆمەڵیان دۆزیوەتەوە کە زیاتر لە 250 کەلە سەریان تێدابووە.

جۆرجێ وینکلەر داواکاری گشتی هەرێمی ڤێراکروز هەواڵی دۆزینەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکەی پشتڕاستکردەوە و وتی قاچاغچیانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ چەندین ساڵ شاری ڤێراکروزیان وەک شوێنێک بۆ شاردنەوەی تەرمی قوربانییەکان بەکارهێناوە.

جۆرجی وتیشی " ناتوانم مەزەندەی بکەم چەند کەسی تر نێژراون بەڵام ڕاپۆرتەکانی دەوڵەت دەڵێن نزیکەی 2400 کەس هێشتا بێ سەروشوێنن. ڤێراکروز گۆڕێکی بە کۆمەڵی ئێجگار گەورەیە."

گروپێکی چالاکوانان کە پێکهاتوون لە کەسوکاری بێ سەروشوێنبووەکان ساڵی ڕابردوو خۆیان هەستان بە ئەرکی پشکنین لە کێڵگەکانی ناوچەکە دوای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە هیچ یارمەتییەک نەدران.

لووسیا دیەز ئەندامی گروپەکە وتی" ئێمە گۆڕەکان هەڵدەدەینەوە بەڵام دەست بۆ ئێسک و پرۆسکەکان نابەین تا خانەکانی جەستەی خۆمانی نەچێتەسەر چونکە لەوانەیە تاقیکردنەوەی DNA تاکە هیوایەک بێت بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی قوربانییەکان."

وتیشی هەتا ئێستا نزیکەی 125 چاڵیان هەڵداوەتەوە کە نزیکەی 253 تەرمیان تیادابووە. وتیشی کەس نازانێت کەی ئەو تەرمانە نێژراون بەڵام هەندێکیان لەم دواییانەدا بوون.

لووسیا دەڵێت لە ساڵی 2013 وە کوڕەکەیان لە ماڵەکەی ڕفاندووە و لەو کاتەوە هیچ هەواڵێکی نازانێت. دەشڵێت هەرچەند تکای لە کاربەدەستانی هەرێمەکەی کردووە هەوڵ بدەن کوڕەکەی بۆ بدۆزنەوە بەڵام فەرامۆشیان کردووە و لێکۆڵینەوەکان بە خاوی ئەنجام دەدەن. دەڵێت تەنانەت ئەوەشیان نەکردبوو هەوڵ بدەن لە ڕێگەی مۆبایلەکەیەوە شوێنەکەی دەسـتنیشان بکەن.

وینکلەری داواکاری گشتی دەڵێت لە ئێستادا تەنها ناسنامەی دوو ئێسک و پرۆسک دەستنیشانکراون، ئەوانیش هی پۆلیسێکی لێکۆڵینەوە و یاردەدەرەکەی بووە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG