Accessibility links

16 کەس بە نەخۆشی مێرس لە کۆریای باشور گیانیان لەدەسـتداوە

  • VOA News

کۆریای باشور دەڵێت کەسێـکی دیکەش بە نەخۆشی ڤایرۆسی مێرس گیانی لەدەسـتداوە و بەمەش لەوەتای لە مانگی پـێـنجشەممەوە ئەم نەخۆشیـیە لەو وڵاتە تەشەنەی کردووەتەوە 16 تووشبوو گیانیان لەدەسـتداوە.

وەزارەتی تەندروستی کۆریای باشور ئەمڕۆ دووشەممە ئەمەی ڕایگەیاند و گوتی 5 کەسی دیکەش تووشی نەخۆشیـیەکە بوون و بەمەش کۆی ئەوانەی ئێسـتا نەخۆشیـیەکەیان گرتووە گەیشـتووەتە 150 کەس.

جیۆنگ ئون کیۆنگ، سەرۆکی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیـیە درمیـیەکان ئامارەکانی بە وردی ڕاگەیاند و گوتی لەو 150 نەخۆشە ئێسـتا 120 کەسیان چارەسەری پـزیشکیـیان بۆ دەکرێت و 14 کەسیان چاکبوونەتەوە و 16 کەسیان گیانیان لەدەسـتداوە.

دوێنێ یەکشەممەش 5 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمارکراون، 4 کەسیش چاکبوونەتەوە و 2 نەخۆش گیانیان لەدەسـتداوە و 103 نەخۆشیش کە دەکاتە 86%ی کۆی تووشبووان باری تەندروسـتیان جێگیرە، بەڵام 17 نەخۆشیان باری تەندروسـتیان خراپە.

هەتا ئێسـتا هەموو حاڵەتەکانی تووشبوون لە نێو دەزگاکانی تەندورستی ئەو وڵاتە بوون و ئەوانەشی گیانیان لەدەسـتداوە نەخۆشی دیکەیان هەبووە، وەکو نەخۆشی شەکرە.

نەخۆشخانەی سامسۆنگ لە سیۆلی پایتەخت کە یەکە لە نەخۆشخانە گەورە و گرنگەکانی کۆریای باشور ئەمڕۆ دووشەممە بەشێـک لە کارەکانی هەڵپەسارد پاش ئەوەی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە گەیشتە بەشێـکی.

لە لایەکی دیکە و سەرەڕای مەترسیـیەکان لەم نەخۆشیـیە هەر ئەمڕۆ هەزاران قوتابخانە کە داخرابوون دەرگاکانیان بە ڕووی خوێندکارەکانیان کردەوە.

XS
SM
MD
LG