Accessibility links

مڵانیا ترەمپ: دۆناڵد ترەمپ تاکە کەسە بتوانێت گۆڕانکاری مەزن لە ئەمەریکا بکات


مڵانیا ترەمپ دەڵێت دۆناڵد ترەمپی هاوسەری دڵسۆزی ئەمەریکا و هەموو کەسێـکە و ئامادەیە ڕێبەرایەتی ئەم وڵاتە مەزنە بکات و بەرەو پـێشەوەی بەرێت و تاکە کەسە گۆڕانکاری مەزن لە وڵاتەکە بکات.

شەوی دووشەممە لە کۆنگرەی کۆماریـیەکان لە شاری کلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهایۆ، دۆناڵد ترەمپ کە چاوەڕوان‌دەکرێت بە فەرمی لە لایەن کۆماریـیەکانەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاندید بکرێت، هاوسەرەکەی بە خانمی یەکەمی داهاتووی ئەمەریکا ناودێرکرد و گوتی" مایەی سەربەرزیمە خانمی یەکەمی داهاتووی ئەمەریکاتان پـێ بناسێنم، هاوسەرەکەم کە دایکێـکی مەزنی سەرسوڕهێنەرە، مڵانیا ترەمپ."

پاشان خانم مڵانیا وتارێـکی پـێشکەش کرد و گوتی ئەمەریکا پـێویستی بە گۆڕانی مەزنە و دۆناڵد ترەمپی هاوسەری تاکە کەسە کە بتوانێت ئەم کارە بکات، گوتیشی هەرگیز دەستبەرداری خواستەکانی نابێت و کار بۆ خەڵکی ئەمەریکا دەکات و هەروەها ئەو کەسە گونجاوەیە بۆ بەرگریکردن لە ئەمەریکا.

هەروەها گوتی ترەمپ دەتوانێت بەرنامەیەکی نوێ بۆ هەژاران دابنێت و ئابوری وڵاتەکە ببوژێنێتەوە. جەختی لەوە کرد کە نوێنەرایەتی هەموو ئەمەریکایـیەکان دەکات بە کرستیان و جوو و موسڵمان و هەموو نەژادەکان. داواشی لە هەموو ئەمەریکایـیەکان کرد پـشتیوانی لێ بکەن.

پاشان باسی لەوە کرد کە چەندە بۆ خێزانەکەی و منداڵ و نەوەکانی و هەروەها بۆ هاوڕێـکانی و کارمەندەکانی بە پەرۆشە.

دواتر سەبارەت بە خۆی، خانم مڵانیا گوتی ئەگەربێت و ببێتە خانمی یەکەمی ئەمەریکا، ئەوا هەوڵ دەدات یارمەتی خەڵکی لە وڵاتەکە بدات ئەوانەی پـێویستیان بە یارمەتی هەیە و هەروەها هەوڵەکانی تەرخان دەکات بۆ پاراستنی منداڵان و پاڵپشـتیکردنیان لە بوارەکانی خوێندن و سەلامەتیدا.

XS
SM
MD
LG