Accessibility links

چەند سەرچاوەیەک: سیناتۆر مەککەین سەردانی کۆبانی و بەرەی شەڕی دژی داعشی کردووە


سیناتۆر جۆن مەککەینی کۆماری هەفتەی ڕابردوو بە نهێنی سەردانی ناوچە کوردیـیەکانی سوریای کردووە و لەوێ لەگەڵ فەرماندەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا کۆبووەتەوە.

سەرەتا هەواڵی سەردانەکە ئێوارەی چوارشەممە لە لایەن ڕۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵەوە ئاشکراکرا، دەڵێت کاربەدەسـتێـکی ئەمەریکا گوتویەتی جۆن مەککەین سەرۆکی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی سینات چووە بۆ کۆبانی و بەرەی شەڕی داعش لە ڕەققە، ئەمەش بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ کاربەدەسـتانی لەشکری ئەمەریکا و هێزە کوردیـیەکان.

فرەنک ثۆرپ پەیامنێری کەناڵی NBCNews ی ئەمەریکایی لە زاری خانمە گوتەبێژی سیناتۆر مەککەین هەواڵی سەردانەکەی پـشتڕاستکردەوە و گوتی سیناتۆر مەککەین خوازیارە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ و ڕێبەرانی لەشکری کاربکات بەمەبەستی باشترکردنی شێوازی شەڕی دژی داعش.

هەروەها دوو سەرچاوە لە نێو هێزەکانی سوریای دیموکرات کە نەیانویست ناویان ئاشکرابکرێت بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکایان پـشتڕاستکردەوە سیناتۆر مەککەین لەگەڵ فەرماندەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆبووەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ بە نیازە ستراتیژیەتێـکی نوێ بۆ شەڕی دژی داعش پـیادەبکات. چاوەڕوان‌دەکرێت هەفتەی داهاتوو وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پـلان و ستراتیژیەتی لەشکری خۆیان بۆ لەناوبردنی داعش ڕەوانەی کۆشکی سـپی بکەن تاوەکو بڕیاری لەسەر بدرێت.

XS
SM
MD
LG