Accessibility links

مەریوان وریا: ئەم سیستمە سوڵتانییە لەگەڵ سێبەرەکانی خۆشیدا کێشەی هەیە


راوێژکاران و چاودێران راوبۆچونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە تێکڕای ئەو بارگرژییە سیاسیی و ئابوری و حوکمڕانییەی کوردستان کە ئەوڕۆکە بۆتە بەرهەمهێنەری نەهامەتییەکی ئابوری و شارستانی و فەرهەنگی بۆ خەڵک بە گشتی و بۆ پەرلەمان و حکومەت و ناوەندە زیندووەکانی کۆمەڵگە.

ئایا ئابوری کوردستان تەنها ئابوری نەوتەو درێژکراوەی ئەو ستراتیژە پڕ کێشەو گرفتە یەکلەدوایەکانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە پێکڕا بونەتە نەهامەتی و ئاستەنگی گەورەتر لەبەردەم گۆڕانکاریی و گەشەی ئابوری و سیاسیدا؟

سەبارەت بە کۆمەڵێک تەوەری گرنگ وەک حوکمڕانی و ئابوریی نەوت، سەلەفیەتی ئاینی، میدیای زەبەلاحی حیزب و پەراوێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات و وتووێژکردن لەسەر ئەو راڤەکارییە کولتورگەرایە کە دەڵێن ئەم شێوازە لە حوکمڕانی نوێنەری کولتورێکی ھەزار ساڵەی بێگۆڕانکارییە، ئاسۆ جەبار لە دەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و روناکبیر دکتۆر مەریوان وریا قانیع داسازداوە.

مەریوان وریا دەڵێت "تێزەکەی من کە باوەڕم پێیەتی ئەوەیە، ئەمانە لە کوردستاندا کۆمەڵێک پەراوێزی سیاسییان دروستکردبوو، کۆمەڵێک دیکۆری سیاسیان دروستکردبوو، ئێستا ئێمە لەو قۆناغەداین کە ئەوان گیریانخواردووە بەدەست دیکۆرەکان و پەراوێزە سیاسییەکانەوە"

هەروەها دەڵێت "ئەم سیستمە سوڵتانییە قەیرانەکانی گەیشتۆتە ئەو ئاستە کە تەنانەت لەگەڵ سێبەرەکانی خۆشیدا کێشەی هەیە، وە خاڵی سەرەکیەکەشی ئەوەیە سیستمە سوڵتانییەکە دەیەوێت شەق لەهەموو ئەو مەبادیئ و سەرەتا و یاساو بەهایانە بدات کە خۆی لەقۆناغێک لە قۆناغەکاندا بۆ بەخشینی جۆرێک لە شەرعیەت بۆخۆی دروستیکردوون، وە ئەمڕۆ گیریخواردووە تەنانەت بەدەست ئەو شەرعیەتە دروستکراوەی کە لەلایەن خۆیەوە دروستکراوە"

سەبارەت بە ئابوری نەوتیش دەڵێت "لەڕاستیدا کە تێزێک هەیە باس لەئابوری نەوت دەکات و ئابوری نەوت وەک ئابورییەکی لەعنەت لێکراو نمایش دەکات، وەک ئابورییەک کە لەباتی ئەوەی ببێتە خێرو بەرەکەت بۆ وڵاتان دەبێت بە جۆرێک لە لەعنەتی ئابوری، لەوێوە لەعنەتی سیاسی و لەعنەتی فەرهەنگی و لەعنەتی ویژدانی و ئەخلاقیش دروستدەکات".

سەبارەت بە سەلەفیەتی ئاینیش دەڵێت "سەلەفیەت پڕۆژەیەکی بێکراوەیە و وە دەسەڵاتداران لە کوردستاندا خۆیان دروستیان کردووە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە دیوی دووەمی سەلەفیەت، دیوی دووەمی پڕۆژەی بە دوبەییکردنی کوردستانە".

فەرموون لەگەڵ تەواوی وتووێژەکەدا......

XS
SM
MD
LG