Accessibility links

مالیزیا و کۆریای باکور ڕێگە لە ڕۆیشتنی هاوڵاتیانی یەکتر دەگرن


مالیزیا ڕێگە نادات هیچ کەسێکی کۆریای باکور وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت، لەوانە دیپـلۆماتەکان و کارمەندانی باڵیۆزخانە، هاوکات کۆریای باکوریش قەدەغەی کردووە هیچ مالیزییەک نابێت خاکی وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت، ئەمەش لە درێژی ئەو شەڕە دیپـلۆماسیـیەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەستیپێکردووە لەوەتەی لە مانگی ڕابردوو زڕبرای سەرۆکی کۆریای باکور لە مالیزیا کوژرا.

ئەم هەردوو بڕیارەی مالیزیا و کۆریای باکور لە ئەمڕۆ سێشەممە بە دوای ئەوە هاتن کە پێشتر هەردوولایان باڵیۆزی یەکتریان لە وڵاتەکەیان دەرکرد.

نەجیب ڕەزاق سەرۆک وەزیری مالیزیا وتی کۆریای باکور بە کردەوە هاوڵاتیانی مالیزی کردووە بە بارمتە و هیوای خواست بە پەلە کۆریای باکور بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە تاوەکو نەهێڵن گرژییەکان لەوە زیاتربن.

بڕیارەکەی کۆریای باکور لە ڕێگەی تەلەفیزیۆنی دەوڵەتەوە ڕاگەیاندرا و دەڵێت قەدەغەکردنە بەردەوام دەبێت هەتا سەلامەتی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی لە مالیزیا مسۆگەردەکرێت.

شایەنی باسە کیم جۆنگ نام زڕبرای کیم جۆن ئون سەرۆکی کۆریای باکور لە 13 ی مانگی دوو لە فڕۆکەخانەیەکی کوالا لەمبور هێرشی کرایەسەر و لێکۆڵەرەوانی مالیزیا دەڵێن بە ماددەی VX ی دەمار لە پاش 20 خولەک گیانی لەدەسـتداوە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG