Accessibility links

مالیزیا 7 کەس بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە دەسـتگیردەکات


پۆلیسی مالیزیا ئەمڕۆ دووشەممە وتی 7 کەسی دەستگیرکردووە بە تاوانی پەیوەندی بە داعشەوە کە پێنجیان فلپینین.

خالید ئەبو بەکر بەرپرسی گشتی پۆلیس لە بەیاننامەیەک ڕایگەیاند زۆربەیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سەرەتای ئەم مانگە لە هەرێمی سەباحی دورگەی بۆرنیۆ دەستگیرکراون.

وتیشی فلیپینیەک کە مۆڵەتی مانەوەی بەردەوامی لە مالیزیا هەیە دەستگیرکراوە بە تۆمەتی کۆکردنەوەی پارە و ڕەوانەکردنیان بۆ دوو کەسی مالیزی کە پەیوەندیان بە داعشەوە کردووە لە باشوری فلپین.

هەروەها ژن و پیاوێکی فلپینی تر دەستگیرکراون بە تۆمەتی بە قاچاغ ڕەوانەکردنی 3 کەسی سەر بە داعش لە مالیزیا و ئەندەنوسیا لە ڕێگەی هەرێمی سەباحەوە بەرەو باشوری فلپین.

پیاوێکی فلپینی تر بەنیازبووە بەرەو سوریا بڕوات و پەیوەندی بە داعشەوە بکات و پیاوێکی تریان بەیعەتی خۆی بۆ ئیسنیلۆن هاپیلۆن (ئەبو عەبدوڵا ئەلفلپینی) ڕێبەری داعش لە فلپین ڕاگەیاندبوو.

هەروەها پۆلیس ژنێکی مالیزییان دەستگیرکردووە کە لە فڕۆکەخانەیەک کاری کردبوو. دەڵێن گومانی لێدەکرێت یارمەتی دوو کەسی سەر بە داعشی دابێت لە ڕێگەی هەرێمی سەباحەوە بە قاچاغی هاتوچۆ بۆ فلپین بکەن.

ڕۆژی یەکشەممەش پیاوێکی مالیزی لە فڕۆکەخانەی سەرەکی کوالا لەمپور دەستگیرکراوە پاش ئەوەی لە تورکیاوە ڕەوانەکرایەوە بە تۆمەتی هەڵدان بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە. دەڵێن لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو بۆ ئستەنبوڵ ڕۆیشتبوو و بەنیازبووە بەرەو سوریا بڕوات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG