Accessibility links

د. مه‌حمود عوسمان: له‌ ئێستادا کورد بیه‌وێت یا نه‌یه‌وێت به‌شێکه‌ له‌ عێراق و هیچ ماوه‌یه‌کی نیـیه‌ بڵێت جیا ده‌بێته‌وه‌

  • Motabar Shirwani

به‌غدای پایته‌ختی عێراق وا خه‌ریکه‌ خۆ ئاماده‌ ده‌کات میواندارێتی 23 هه‌مین لوتکه‌یی کۆمکاری عه‌ره‌ب بکات. ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێـکه‌ بۆ عێراق په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ هه‌موو جیهانی عه‌ره‌ب باش بکاته‌و‌ه.‌ خۆی بڕیار وابوو ساڵی پار عێراق میواندارێتی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌ی بکردبایه‌ به‌ڵام به‌ هۆی باری ئاڵۆزی ژماره‌یه‌ک له‌ وڵاتانی ئه‌ندام له‌ کۆمکاری عه‌ره‌ب و نیگه‌رانی سه‌باره‌ت به‌ باری ئاسایشی عێراق ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ وه‌پاش درا. له‌ وه‌تای ساڵی 1990 وه‌ ئه‌مه‌ یه‌که‌م جاره‌ عێراق میواندارێتی ئه‌م لوتکه‌یه‌ بکات.

عێراق له‌ کاتێکدا ئه‌م میواندارییه‌ ده‌کات که‌ خۆی له‌ بن به‌‌ستی سیاسیدا گیری خواردووه‌ و ڕێبه‌رانی سیاسی عێراق چه‌ند مانگێکه سه‌رنه‌که‌وتووانه‌‌ هه‌وڵیان داوه‌ کۆنفرانسێکی نیشتمانی پێک بینه‌ن بۆ ده‌رچوون له‌م بن به‌سته‌.

له‌ وتارێکی به‌ بۆنه‌ی ساڵی تازه‌ی نه‌ورۆزه‌وه‌، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان مه‌سعود بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ بۆی هه‌یه‌ له‌ حکومه‌تی هاوپه‌یمانه‌تی بکێشنه‌وه‌، وه‌ مالیکی تاوانبار کرد به‌ قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات. بارزانی له‌ وتاره‌که‌یدا گوتی " ‌ لە كوێی دونیا هەیە یەك که‌س سه‌رۆک وه‌زیر بێت و فه‌رمانده‌ی گشـتی هێزه‌ چه‌کداره‌کان بێت و وەزیری به‌رگری و وەزیری ناوخۆ بێت و سه‌رۆکی موخابه‌رات بێت و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشـتیمانی بێت، دوێنێش نامەیەک چووە بۆ بانكی مەركەزی كە بانكی مەركەزیش عائد بە خۆی بێت، چ ما بۆ خەڵكی تر."

دکتۆر مه‌حمود عوسمان ئه‌ندامی سه‌ربه‌خۆ له‌ بلۆکی هاوپه‌یمانی کوردستان ده‌ڵێت وته‌کانی سه‌رۆکی هه‌ریم ده‌ری ده‌خات کێشه‌ زۆرن و چاره‌سه‌ر نه‌کراون بۆیه‌ به‌م شێوه‌یه‌ باسی ده‌کرێت. له‌و به‌ینه‌شدا گفتوگۆی پێویست نه‌بووه‌ له‌ نێوانیاندا.

د. عوسمان له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ که‌ باشه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو کێشه‌کانی عێراق چاره‌سه‌ر نه‌کران کورد هیچ چاره‌ی تری هه‌یه‌ بێجگه‌ له‌ دابڕان له‌ عێراق ده‌ڵێت،" له‌ ئێستادا کورد بیه‌وێت یا نه‌یه‌وێت به‌شێکه‌ له‌ عێراق و هیچ ماوه‌یه‌کی نیـیه‌ بڵێت جیا ده‌بێته‌وه‌ چونکه‌ جیابوونه‌وه‌ و دانانی قه‌واره‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ تۆ له‌ ده‌ره‌وه‌، وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ و کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی دان به‌و ده‌وڵه‌ته‌ بنێن یا خود وڵاتانی ناوچه‌که‌. دووهه‌م ، کورد ئێستا له‌ عێراقدا به‌ ته‌نها ناتوانێت قه‌واره‌یه‌ک دروست بکات(چونکه‌) کورد نه‌ته‌وه‌یه‌که‌ دابه‌ش کراوه‌، کوردی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا پێکه‌وه‌ کارێک بۆ مافی چاره‌نووس بکه‌ن. کوردی باشور نیوه‌ی وڵاته‌که‌ی له‌ ژێر ده‌ستی به‌غدایه‌ ئه‌وه‌ی پێ ده‌ڵێت ناوچه‌دابڕێنراوه‌کان و نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و ناوچانه‌ بگێڕیته‌وه‌ و ئه‌و خاڵانه‌ی په‌یوه‌ندار‌ جێبه‌جێ نه‌کراوه‌." ئه‌و گوتیشی ڕاسته‌ مافمان هه‌یه‌ چاره‌نووسمان دیار بکه‌ین و مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ ده‌وڵه‌تیشمان هه‌بێت به‌ڵام ماف هه‌بوون شتێکه‌ و ئه‌وی ده‌توانیت جێبه‌جێی بکه‌یت شتێکی تره‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG