Accessibility links

کاربەدەستێـک: هێرشبەرەکەی لەندەن بە ڕەچەڵەک سۆماڵیـیە


کاربەدەسـتێـکی پـۆلیسی بەریتانیا دەڵێت ئەو گەنجە 19 سـاڵەی شەوی چوارشەممە لە مەیدانی ڕاسڵ سکوێری شاری لەندەن بە چەقۆ ژنێـکی کوشت و 5 کەسی دیکەی بریندارکرد بە ڕەچەڵەک سۆماڵیـیە و هەڵگری ڕەگەزنامەی نەرویژیـیە.

مارک ڕۆڵی بەرپـرس لە بەشی لێکۆڵینەوەی پـۆلیس ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەردەم بارەگای پـۆلیسی نیو سکۆتلاند یاردی لەندەن ئەمەی بۆ ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاند و گوتی بەپـێی لێکۆڵینەوەکانی هەتا ئێسـتا ئەنجامدراون پـێدەچێت زیاتر ڕووداوەکە لە ئەنجامی کێشەی دەرەونیـیەوە بووبێت و هیچ بەڵگەیەک نیـیە ئاماژە بۆ ئەوە بکات هاندەری تێرۆرزمی لە پشتەوە بووە.

گوتیشی هێرشبەرەکە ژنێـکی ئەمەریکایی کوشتووە کە تەمەنی لە شەستەکاندابوو و 5 بریندارەکانیش بریتین لە 2 ژن و 3 پـیاو کە هەڵگری ڕەگەزنامەی جیاوازن، لەوانە ئەمەریکایی، بەریتانی، ئوسترالی، ئیسرائیلی. سیانیان لە نەخۆشخانە چوونەتە دەرێ و دووانیان ماونەتەوە و ژیانیان لە مەترسیدا نیـیە. باسی لەوەش کرد کە لەو بڕاویەدان هەڕەمەکیـیانە ئەو کەسانەی بەر چەقۆ دابێت.

هێزەکانی پـۆلیس هێرشبەرەکەیان دەسـتگیرکرد پاش ئەوەی بە دەمانچەی کارەبا لێـیان دابوو.

سادق خان سەرۆکی شارەوانی لەندەن پەژارەی خۆی بەرامبەر هێرشەکە دەربڕی و داوای لە دانیشتوانی شارەکە کرد ئارام و وریابن و لە هەر شتێـکی گوماناوی پـۆلیس ئاگاداربکەنەوە.

جێی ئاماژەیە چەند کاژمێرێـک بەر لە هێرشەکە سەرۆکی پـۆلیسی لەندەن ڕایگەیاندبوو 600 پـۆلیسی زیاتر لە جادەکانی شارەکە بڵاودەکەنەوە بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لە هەر هێرشێـکی نەخوازراو.

XS
SM
MD
LG