Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوا دەکات زیاتر پشـتیوانی لە حکومەتی لیبیا بکرێت


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت ئەو وڵاتانەی بەشداریـیانکردووە لە کۆبوونەوەکەی ڤیەنـنا لە بارەی ڕەوشی لیبیا، هەموویان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە گرنگە پشـتیوانی لە حکومەتی گواستنەوەی لیبیا بکرێت و هەروەها کاربکرێت بۆ لابردنی قەدەغەی سەر ڕەوانەکردنی چەک بۆ حکومەتی ئەو وڵاتە تاوەکو بتوانێت شەڕی داعش بکات.

جان کێری ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ فایز ئەلسەراج سەرۆکی حکومەتی لیبیا و باوڵۆ جێنتیلۆنی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی ئاسایش تاووتوێی داوای لیبیا دەکات بۆ لابردنی قەدەغەی سەر هەناردەکردنی چەک، ئەمەش تاوەکو حکومەتی لیبیا وڵاتەکەی خۆی پـێ بپارێزێت و شەڕی داعشی پـێبکات.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد هاوکاری بکەن بۆ ڕێگەگرتن لەوەی چەک لە لیبیا نەکەوێتە دەرەوەی دەسـتی حکومەتەوە. جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمەریکا و کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە نیازن ئەو پـێداویستیـیە مرۆیی و ئاسایشیـیانە بۆ لیبیا دابین بکەن کە حکومەتی ئەو وڵاتە داوای دەکات.

پاشان داوای لە پەرلەمانی لیبیا کرد حکومەتی وڵاتەکەیان پەسەندبکەن و پشـتیوانی لە ڕێکەوتنـنامەی سخێرات بکەن، ئەوەی لە مەغریب لایەنە ناکۆکەکانی لیبیا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان واژویانکرد، ئەمەش تاوەکو یەکگرتوویی نیشتیمانی لە لیبیا بێتە دی و بتوانن شەڕی داعش بکەن.

جان کێری ئاگاهیشی دا کە هەر کەسێـک لە دژی یەکگرتوویی لیبیا بوەستێتەوە، ئەوا سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.

فایز ئەلسەراج ئەویش لای خۆیەوە داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد یارمەتی لیبیا بدەن تاوەکو بتوانێت شەڕی داعش بکات، ئەمەش لە ڕێگەی پـڕچەککردن و مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی حکومەتی لیبیا. بەڵام جەختی لەوە کرد کە دەسـتێوەردانی ڕاستەوخۆ لە وڵاتەکەی نەکرێت.

باسی لەوەش کرد حکومەتەکەی کاردەکات بۆ فراوانترکردنی بەشداری لیبیایـیەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکە، ئەمەش لە پـێناو بەدیهێنانی ئاشتەوایی نیشتیمانی.

XS
SM
MD
LG