Accessibility links

ژمارەیەک چەکدار 10 کارمەندی کونسوڵخانەی تونس لە لیبیا بە بارمتە دەگرن


کاربەدەسـتان دەڵێن کۆمەڵێـک چەکدار خۆیان بە کونسوڵخانەی تونس لە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا کردووە و 10 کارمەندیان بە بارمتە گرتووە.

موختار ئەلشواشی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تونس ڕۆژی هەینی گوتی هێشـتا ڕوون نیـیە ئایا چەکدارەکان کارمەندەکانیان هەر لە ناو کونسوڵخانەکە بە بارمتە گرتووە یان بۆ جێـگەیەکی دیکەیان بردوون. هەروەها گوتی نازانرێت ئایا تەقەیان کردووە یان نا و چیشیان دەوێت.

خەلیفە ئەلغویل سەرۆکی حکومەتەکەی تەرابلوس، ئەوەی لە لایەن میلیشیا ئیسلامیـیەکانەوە پـێکهێنراوە، لە بارەی ڕووداوەکە هیچ زانیاری نەدا و تەنها گوتوویەتی کار بۆ ئازادکردنیان دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی تونس لای خۆیەوە هێرشەکەی بە کارێـکی دژ بە سەروەری وڵاتەکەی ناودێرکرد و گوتی پێشێلکردنێـکیشە بۆ ڕێـکەوتنـنامە نێودەوڵەتیـیەکان. هەروەها ڕەوەندی تونسی لە لیبیا ئاگادارکردەوە کە وریا خۆیان بن و ئەگەر پـێوستیشی کرد بۆ سەلامەتی خۆیان ئەو وڵاتە جێبهێڵن. مەزەندە دەکرێت نزیکەی 60 هەزار تونسی لە لیبیا بن.

XS
SM
MD
LG