Accessibility links

هێرشێـکی ئاسمانی بۆ سەر شوێنێـکی داعش لە لیبیا 41 کوژراوی لێدەکەوێتەوە

  • VOA News

فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکا هێرشیان کردووەتە سەر شوێنێـکی داعش لە شاری سبەڕاتەی نزیک تەرابلوسی پایتەختی لیبیا و لە ئاکامدا 41 کەس کوژراون.

کۆلۆنێل مارک چیدڵ گوتەبێژی فەرماندەیەتی لەشکری ئەمەریکا لە ئەفریکا ڕایگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی هێرشەکە کراوەتە سەر ئەو بنکەیەی داعش و یەک لە ئامانجەکانی نورەدین شوشان بووە کە لە پشت دوو هێرشی گەورەی ناو تونس بووە. گوتیشی لە ئێسـتادا هەوڵ دەدەن ئەنجامی هێرشەکە بزانن.

لە لایەکی دیکە حسێن ئەلداوودی بەرپـرسێـکی لیبی لە ناوچەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت هێرشەکە ماڵێـکی کردووەتە ئامانج و زۆربەی ئەوانەی کوژراون تونسین و ئەندامی داعشن.

جێی ئاماژەیە سەبڕاتە لە باکوری وڵاتەکەیە و لە نزیک کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستە. کاربەدەسـتانی ڕۆژئاوایی دەڵێن یەکێکە لەو شوێنانەی لیبیا کە تیایدا داعش شوێن پـێی خۆی کردووەتەوە.

لەوەتای مانگی شەشی ساڵی ڕابردووەوە داعش لە لیبیا توانیویەتی ناوچەیەکی بەرچاو لە باکوری وڵاتەکە داگیربکات، لەوانە شاری سرت کە فڕۆکەخانەیەک و بنکەیەکی لەشکری لێـیە.

XS
SM
MD
LG