Accessibility links

دوایـین کەرەستەی چەکی کیمیاوی لیبیا بەرەو ئەڵمانیا ڕەوانەکرا


کاربەدەسـتانی لیبیا دەڵێن دوایـین کەرەستەی چەکی کیمیاوی وڵاتەکەیان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی پـلانێـکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو کەرەستانە ناکەونە دەستی کەسانی هەڵەوە.

یەک لەو کاربەدەسـتانە ئەمڕۆ سێشەممە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند بارەکە لە 23 بەرمیلی کەرەستەی چەکی کیمیاوی پـێـکهاتووە و ڕۆژی شەممە لە ڕێگەی بەندەری مسڕاتەوە بە کەشـتیـیەکی دانمارکی بەرەو ئەڵمانیا براوە.

گوتیشی کەرەستەکان لە ناوچەی ئەلجفرە عەمبارکرابوون کە نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە باشوری شاری سرتەوە دورە کە لەوێ هێزەکانی حکومەت شەڕی داعش دەکەن.

موسا ئەلکونی جێگری سەرۆکی حکومەت لە تەرابلوس ئەویش هەواڵەکەی بۆ فڕانس پـرێس پشـتڕاستکردەوە و گوتی تەواوی کەرەستە عەمبارکراوەکانی تایبەت بە چەکی کیمیاوی لە وڵاتەکەیان بەرەو دەرەوەی وڵات براون، بەمەش لیبیا بوو بە وڵاتێـکی بێ چەکی کیمیاوی.

جێی وەبیرهێنانەوەیە 22 ی مانگی حەوت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دا یارمەتی حکومەتی شەرعی لیبیا بدرێت لە نەهێشتنی کەرەستەکانی چەکی کیمیاوی. لە ناوەڕاستی مانگی هەشت حکومەتی دانمارک ئامادەیی دەربڕی بۆ گواستنەوەی کەرەستەکان بۆ دەرەوەی لیبیا.

XS
SM
MD
LG