Accessibility links

سه‌رهه‌ڵداوانی لیبیا ده‌ڵێن له‌ لایه‌ن ناتۆوه‌ بۆردومان کراون

  • VOA News

سه‌رهه‌ڵـداوێـکی بریندار له‌ نه‌خۆشـخانه‌یه‌کی شـاری ئه‌جدابیا چاره‌سه‌ری بۆ ده‌کرێت، پـێـنجشه‌ممه‌ 7 ی چواری 2011

سه‌رهه‌ڵـداوێـکی بریندار له‌ نه‌خۆشـخانه‌یه‌کی شـاری ئه‌جدابیا چاره‌سه‌ری بۆ ده‌کرێت، پـێـنجشه‌ممه‌ 7 ی چواری 2011

سه‌رهه‌ڵداوانی لیبیا ده‌ڵێن ناتۆ ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ شوێنێـکی ئه‌وانی بۆردومان کردووه‌ له‌ نزیک شـارۆچکه‌ی بریقه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌که‌ و بووه‌ته‌ مایه‌ی برینداربوونی ژماره‌یه‌ک سه‌رهه‌ڵـداو.

سه‌رهه‌ڵداوان شه‌ڕی هێزه‌کانی لایه‌نگری قه‌زافی ده‌که‌ن له‌ هه‌وڵێـکیاندا بۆ گرتنه‌وه‌ ده‌ستی شـارۆچکه‌ی بریقه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وتی که‌وا بۆ چه‌ند جارێـکه‌ هه‌ر ده‌مه‌ و ده‌که‌وێته‌ ده‌ستی لایه‌کیانه‌وه‌.

له‌م دوایـیانه‌دا سه‌رهه‌ڵـداوان ڕه‌خنه‌یان له‌ ناتۆ گرتووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی شـکستی هێناوه‌ له‌ پاراسـتنی خه‌ڵـکی سیڤیل و هه‌روه‌ها به‌ خێرایی و به‌ توندی له‌ هێزه‌کانی له‌شـکری سه‌ر موعه‌مه‌ر قه‌زافی نادات.

هاوکات کاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن کۆمه‌ڵه‌ وڵاتانی په‌یوه‌ست به‌م مه‌سه‌له‌یه‌، له‌وانه‌ ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ئه‌وروپایی و هاوپه‌یمانانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ قه‌ته‌ر کۆبـبنه‌وه‌ به‌ مه‌به‌سـتی تاووتوێکردنی کرده‌ی له‌شـکری له‌ لیبیا.

ئاژانسی هه‌واڵه‌کانی فه‌ڕه‌نسایی AFP ڕایگه‌یاند فه‌ڕه‌نسا هه‌روه‌ها هه‌وڵ ده‌دات یه‌کێتی ئه‌فریکا قایل بکات نوێنه‌رانی خۆیان بۆ کۆبوونه‌وه‌که‌ی 13 ی مانگی چوار ڕه‌وانه‌ بکه‌ن.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ موعه‌مه‌ر قه‌زافی ڕاسته‌وخۆ داوای له‌ سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا کرد هێرشه‌ ئاسـمانیـیه‌کانی ناتۆ بوه‌ستێنێت. قه‌زافی له‌ نامه‌یه‌کی سێ لاپه‌ڕه‌یـیدا داوای له‌ سه‌رۆک ئۆباما کردووه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ ڕابگرێت که‌ وه‌ک خۆی پـێی ده‌ڵێت شه‌ڕێـکی ناڕه‌وا له‌ دژی گه‌لێـکی بچوک.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا هیله‌ری کلنتن داواکه‌ی ڕه‌تکردۆته‌وه‌ و دووباره‌ی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ریکا و ناتۆ خوازیارن ئاگربه‌سـتێـک بێته‌ کایه‌وه‌ و هێزه‌کانی حکومه‌تی لیبیا له‌ شـاره‌کان بکشێنه‌وه‌ و موعه‌مه‌ر قه‌زافی ده‌سـتبه‌رداری ده‌سه‌ڵات بـبێت.

XS
SM
MD
LG