Accessibility links

ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت فڕۆکه‌ بێ فڕۆکه‌وانه‌کانی ده‌ستیان به‌ بۆردومانکردن له‌ لیبیا کردووه‌

  • VOA News

شوێنی بۆردومانی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌ ناوچه‌ی باب ئه‌لعه‌زیزیه‌ی ته‌رابلوسی پایته‌خت، شه‌ممه‌ 23 ی چواری 2011

شوێنی بۆردومانی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌ ناوچه‌ی باب ئه‌لعه‌زیزیه‌ی ته‌رابلوسی پایته‌خت، شه‌ممه‌ 23 ی چواری 2011

وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت ده‌سـتیکردووه‌ به‌ یه‌که‌م هێرشی فڕۆکه‌ بێ فڕۆکه‌وانه‌کانی خۆی له‌ لیبیا‌. هاوکات سه‌رهه‌ڵـداوان ده‌ڵێن له‌وه‌ ده‌چێت هێزه‌کانی لایه‌نگری حکومه‌ت کۆتایی به‌ گه‌مارۆدانی شـاری مسڕاته‌ی نزیک ته‌رابلوس بهێنن.

له‌ ڕاگه‌یاندنێـکی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریکادا هاتووه‌ بۆردومانه‌که‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ئه‌نجامدراوه‌، وه‌لێ ئاماژه‌ به‌ شوێنی هێرشه‌که‌ ناکات. ئه‌م هێرشه‌ به‌شێـکه‌ له‌ هه‌وڵه‌کانی به‌ سه‌رکردایه‌تی ناتۆ بۆ سه‌پاندنی ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌ فڕین به‌سه‌ر لیبیادا به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی خه‌ڵـکی سیڤیلی ئه‌و وڵاته‌.

له‌ شـاری مسڕاته‌ که‌ به‌ شوێنی شه‌ڕ و پـێـکدادانه‌ تونده‌کان داده‌نرێت، سه‌رهه‌ڵـداوان ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌وێ سه‌رکه‌وتنی خۆیان ڕاگه‌یاند دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی لایه‌نگری موعه‌ممه‌ر قه‌زافی پاشه‌کشه‌یان کرد. پـێشـتر هه‌ر ڕۆژی شه‌ممه‌ گه‌واهیده‌ران گوتیان زیانی گیانی له‌ شـاره‌که‌ که‌وتۆته‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵداوان له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی حکومه‌ت که‌ ده‌کشـانه‌وه‌ شه‌ڕیان ده‌کرد.

ڕۆژی هه‌ینی کاربه‌ده‌سـتانی لیبیا گوتیان له‌شـکر شـاری مسڕاته‌ جێده‌هێڵێت و چاره‌نووسی ده‌داته‌ ده‌سـتی خێڵه‌کانی ده‌وری شـاره‌که‌ و هه‌روه‌ها خه‌ڵـکی ناو شـاره‌که‌.

به‌یانی شه‌ممه‌ش هێزه‌کانی ناتۆ بۆردومانی ناوچه‌یه‌کی نزیک شوێنه‌کانی موعه‌ممه‌ر قه‌زافی ڕێبه‌ری لیبیایان له‌ ته‌رابلوس کرد. په‌یامنێران ده‌ڵێن شوێنێـکی له‌شـکری بووه‌ . هیچ ڕاپـۆرتێـک له‌سه‌ر زیانه‌ گیانیـیه‌کان نه‌دراوه‌.

له‌ ئیتالیا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ گوتی ده‌سه‌ڵاتدارانی لیبیا که‌شـتیـیه‌کی ئیتالی به‌ تاقمه‌ 11 که‌سه‌که‌یه‌وه‌ ئازادکردووه‌ که‌ به‌ درێژایی مانگی ڕابردوو له‌ به‌نده‌ری ته‌رابلوس ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتبوو. که‌شتیـیه‌که‌ بۆ کۆمپانیایه‌کی نه‌وتی ئیتالی کار ده‌کات و به‌ ماوه‌یه‌کی کورت به‌ر له‌وه‌ی هاوپه‌یمانانی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌ست به‌ سه‌پاندنی ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌ی فڕین به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ بکه‌ن ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا.

XS
SM
MD
LG