Accessibility links

هاوپه‌یمانان: گورزه‌کان له‌ لیبیا به‌رده‌وام ده‌بن هه‌تا قه‌زافی ده‌سـتبه‌رداری ده‌سه‌ڵات ده‌بێت

  • VOA News

بۆردومانێـکی فڕۆکه‌کانی ناتۆ له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ته‌رابلوس، هه‌ینی 15 ی چواری 2011

بۆردومانێـکی فڕۆکه‌کانی ناتۆ له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ته‌رابلوس، هه‌ینی 15 ی چواری 2011

ڕێبه‌رانی به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێن هاوپه‌یمانانی ناتۆ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هه‌ڵمه‌ته‌ له‌شـکریـیه‌کانیان له‌ لیبیا هه‌تا موعه‌ممه‌ر قه‌زافی ده‌سـتبه‌رداری ده‌سه‌ڵات ده‌بێت.

سه‌رۆک وه‌زیری به‌ریتانیا ده‌یڤد کامیرۆن و سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسـا نیکۆلای سـارکۆزی و سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا باراک ئۆباما گوتیان ڕێگه‌دان به‌ مانه‌وه‌ی قه‌زافی له‌ ده‌سه‌ڵات خیانه‌تێـکی بێ ویژدانانه‌ ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی لیبیا.

ڕۆژی هه‌ینی و له‌ به‌یانـنامه‌یه‌کی هاوبه‌شـدا که‌ له‌ چه‌ندین ڕۆژنامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییدا بڵاوکرایه‌وه‌، ئه‌و ڕێبه‌رانه‌ نووسیویانه‌ محاڵه‌ که‌سێـک که‌ هه‌وڵی دابێت گه‌لی خۆی قه‌تڵوعام بکات بتوانێت بـبێته‌ به‌شێـک له‌ حکومه‌تی ئاینده‌.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ کچه‌که‌ی قه‌زافی ڕۆژی هه‌ینی له‌ به‌رده‌م ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی که‌ ئه‌مه‌ریکا له‌ سـاڵی 1986 دا بۆردومانی کرد، به‌ سه‌دان که‌سی له‌ ده‌وری خۆی کۆکرده‌وه‌ و پـێی گوتن وازهێنانی باوکی له‌ ده‌سه‌ڵات سووکایه‌تیکردنێـک ده‌بێت‌ به‌ هه‌موو لیبیا.

وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ناتۆ بۆ دووه‌مین ڕۆژه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ به‌رلین کۆده‌بنه‌وه‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و ناکۆکیـیانه‌ی هه‌یانه‌ له‌سه‌ر چۆنێتی ئه‌نجامدانی کرداره‌ له‌شکریـیه‌کان له‌ لیبیا. فه‌ڕه‌نسـا و به‌ریتانیا داوایان له‌ هاوپه‌یمانان کرد هێرشی ئاسـمانی زیاتر له‌ دژی هێزه‌کانی قه‌زافی ئه‌نجام‌بدرێن، به‌ڵام وڵاتانی دیکه‌ ئاگاهیان دا له‌ مه‌ترسی فراوانکردنی ئه‌رکه‌ له‌شـکریـیه‌کان.

XS
SM
MD
LG