Accessibility links

هێزەکانی ئاسایشی لوبنان گروپێـکی سەر بە داعش دەسـتگیردەکەن


دەسەڵاتدارانی لوبنان دەڵێن ئەندامانی گروپـێـکی سەر بە داعشیان دەسـتگیرکردووە کە بە نیازبوون هێرش بکەنە سەر چەند شوێنێـکی لەشکری و هەروەها تەقینەوەی خۆکوژی لە مەراسیمەکانی عاشورا ئەنجام بدەن.

کاربەدەسـتانی ئاسایشی لوبنان دەڵێن بە هاوکاری هێزەکانی لەشکر توانیویانە 3 کەس دەسـتگیربکەن کە بە ڕەچەڵەک فەڵەسـتین. دەشڵێن توانیویانە هەرسێـکیان بە فێڵ لە کەمپی عەین ئەلحلوەی ئاوارە فەڵەسـتینیـیەکان لە باشوری لوبنان بهێنـنە دەرێ و دەسـتگیریان بکەن.

ئاماژەیان بەوەش کردووە کە یەکێکیان دانی بەوەدا ناوە ئەمیری داعشە لە کەمپەکە و لەگەڵ 2 فەڵەسـتینی دیکە کە لە شاری ڕەققەی سوریان هاوکاری کردووە بە مەبەستی هێرشکردنە سەر بنکەی لەشکری لوبنان و شوێنی ئاسایشی دیکە لە وڵاتەکەدا.

لە بەیانـنامەیەکی ئاسایشی لوبناندا هاتووە ئەم گروپە ژورێـکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لە کەمپی عەین ئەلحلوە دامەزراندووە بە مەبەستی بەستنەوەی هەموو شانە تێرۆرستیـیەکانی سەر بە داعش لە هەموو کەمپە فەڵەسـتینیـیەکانی ناو لوبناندا.

لە بەشێـکی بەیانـنامەکەشدا هاتووە ئەم سیانە بەنیازبوون چەند کەسایەتیـیەکی فەڵەستینی و لوبنانی بکوژن و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو ئامادەبکەن بە مەبەستی تەقاندنەوەیان لە بۆنە گشـتیـیەکاندا، لەوانە مەراسیمی عاشورا، ئەمەش بۆ تێـکدانی ئەو پـێـکەوە ژیانەی لەو وڵاتە لە نێوان پـێـکهاتەکاندا هەیە.

XS
SM
MD
LG