سه‌رۆکی حکومه‌تی کاتی قیرغیزسـتان ده‌ڵێت ئه‌و داوای له ڕووسیا کردووه هێزی سه‌ربازی بۆ باشوری وڵاته‌که‌ی بنێرێت تا ئه‌و ئاژاوه نه‌ژادیـیه دابمرکێننه‌وه ئه‌وه‌ی بۆته مایه‌ی کوژرانی به لانی که‌م 60 که‌س و برینداربوونی به سه‌دانی دیکه.
خانم ڕۆزا ئوتونباێڤا ڕۆژی شه‌ممه گوتی به‌بێ یارمه‌تی ده‌ره‌کی ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوخۆ ناتوانن کۆتایی به‌و توندوتیژیه‌ی شـاری ئوشی باشوری وڵاته‌که بهێنن که دووه‌م گه‌وره‌ترین شـاری وڵاته‌که‌یه.
خانم ڕۆزا ئوتونباێڤا سه‌باره‌ت به ڕه‌وشه‌که قسه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ره‌ک وزیری ڕووسیا ڤلادیمیر پـوتن کردووه، به‌ڵام تا ئێسـتا ڕوون نیـیه ئایا ڕووسیا هێز ده‌نێرێت یان نا.
به‌پـێی هه‌واڵه‌کان که‌سـانی چه‌کدار خۆیان داوه به‌سه‌ر ئه‌و گه‌ڕه‌کانه‌ی ئوزبه‌کی نه‌ژاده‌کان تیایدا ده‌ژین له شـاری ئوش و ئاگر به‌ر ده‌ده‌نه ماڵه‌کان و به هه‌زاره‌ها که‌سیان ده‌ربه‌ده‌ر کردووه و ئاواره‌ی سه‌ر سـنووره‌کانی ئوزبه‌کسـتانیان کردوون.
ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن بازاڕ و گه‌نجینه‌کان تاڵان کراون و خۆراک به‌ره‌و ته‌واوبوون ده‌چێت و به‌هۆی زۆری ژماره‌ی برینداره‌کان نه‌خۆشـخانه‌کان ڕووبه‌ڕووی گرفتی گه‌وره بوونه‌ته‌وه.
جێی ئاماژه پـێـکردنه ئه‌مه گه‌وره‌ترین ڕووداوی توندوتیژیـیه له‌و وڵاته سه‌رهه‌ڵبدات له‌وه‌تای سه‌رۆک کورمانبێـک باکیێڤ له مانگی چوار له ده‌سه‌ڵات لادرا.