Accessibility links

سوپاسالارانی وڵاتانی هاوپەیمانێتی دژی داعش لە کوەیت کۆدەبنەوە

  • VOA News

سوپاسالارانی لەشکری وڵاتانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە لە کوەیت کۆبوونەوەیەک سـازدەکەن بە مەبەستی تاووتوێکردنی هەوڵە لەشکری و لۆجستیـیەکان بە ئامانجی خێراکردن لە نەهێشتنی داعش.

جەنەڕاڵ لوید ئۆستن سەرۆکی فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا لەگەڵ سوپاسالارانی لەشکری 29 وڵاتی بەشدار لە هاوپەیمانێتیـیەکە ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن، لەوانە ژمارەیەک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و میسر و مەغریب.

دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ کوەیت لە بارەی کۆبوونەوەکە بە ڕادیۆ سەوای گوت ئامانجی کۆبوونەوەکە هەماهەنگی هەوڵەکانە لە نێوان ئەم لەشکرانەی شەڕی داعش دەکەن.

گوتیشی" زۆر گرنگە وڵاتانی هاوپەیمان ماوە ماوە کۆببنەوە بە مەبەستی هەماهەنگی و جەختکردنەوە لەوەی هەموو لایەک هەمان ئامانجیان هەیە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد مەرج نیـیە ئەم جۆرە کۆبوونەوانە هەر بۆ گۆڕینی ستراتیژیـیەتی هاوپەیمانێتیـیەکە بن، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانە و هەروەها دابەشکردنی ئەرکەکانیشە.

پاشان گوتی قۆناغی یەکەمی سـتراتیژیەتی هاوپەیمانێتیـیەکە، یارمەتیدانی حکومەتی عێراقە لە وەدەرنانی داعش لە عێراق و هەروەها پشـتیوانیکردن لە هێزە هاوپەیمانەکان لە سوریا لە دژی ئەم ڕێکخراوە و لە هەمان کاتیشدا ڕووبەڕووی بیروباوەڕی داعش دەبینەوە.

سەبارەت بە ڕۆڵی کوەیت لەم شەڕەدا، باڵیۆز سیلیمان گوتی ئەم وڵاتە ڕۆڵێـکی گرنگی هەیە لە جێبەجێکردنی بەشێـکی ئەم سـتراتیژیـیەتە و هەروەها لە کۆمەککردنی ئەو ئاوارانەی ڕوویان لە ئوردن و لوبنان کردووە.

هاوکات شێخ خالد جەراح ئەلسەباح وەزیری بەرگری کوەیت گوتی وڵاتەکەی پابەندە بە واڵاکردنی بنکە ئاسمانیـیەکانی خۆی بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان و هەروەها پشـتیوانیکردنی جۆراوجۆری لۆجستی و پـێشکەشکردنی زانیاری هەواڵگری و لەگەڵیشیاندا پـێشـکەشکردنی کۆمەکی مرۆیی بۆ قوربانیـیانی ئەم شەڕە.

XS
SM
MD
LG