Accessibility links

داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشی نێو مزگەوتێـکی شیعە لە کوەیت ڕادەگەیەنێت

  • VOA News

داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لەو تەقینەوە خۆکوژیـیە ڕاگەیاند کە ئەمڕۆ هەینی لە نێو مزگەوتێـکی شیعەکان لە کوەیت ڕوویدا و بووە مایەی کوژرانی 24 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت داعش لە یەکێـک لە تویتەرەکانی بەرپرسیارێتیـیەکەی خۆ ڕاگەیاند.

تەقینەوەکە لە دەمی نوێژی هەینیدا بوو لە ناو مزگەوتی ئیمام ئەلسادق لە ناوچەی سەوابر لە ڕۆژهەڵاتی شاری کوەیتی پایتەخت. دەڵێن هێندە بەهێزبووە زیانیشی بە مزگەوتەکەش گەیاندووە.

خەلیل سـاڵح ئەندامی پەرلەمانی کوەیت بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی گوت کەسێـک کە تەمەنی لە سیـیەکاندا بووە چووەتە نێو ئەو خەڵکەی لە مزگەوتەکەدا نوێژیان دەکرد و لە نیوەی نوێژکردندا بۆمبەکانی بە خۆیدا تەقاندووەتەوە و ئەو هەموو زیانە گیانـیەی لێکەوتووەتەوە.

سەباح ئەلئەحمەد جابر ئەلسەباح میری کوەیت سەردانی مزگەوتەکەی کرد و بە توندی هێرشەکەی شەرمەزارکرد.

ئەنجومەنی وەزیرانی کوەیتیش کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی لە بارەی هێرشەکەوە بەستووە.

یەعقوب ئەلسانع وەزیری دادی کوەیت هێرشەکەی بە مەترسی بۆ سەر وڵاتەکەی ناودێرکرد و گوتی هەوڵێـکە بۆ تێکدانی یەکگرتووی نیشـتیمانی نێوان کوەیتیـیەکان. بەڵێنیشی دا ڕێوشوێنی توندی ئاسایشی بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی مزگەوت و شوێنە ئاینیـیەکان.

جێی ئاماژەیە کوەیت یەکێـکە لەو وڵاتە عەرەبـیـیانەی گرژی تایفەگەرایی تیایدا زۆر کەمە.

XS
SM
MD
LG