Accessibility links

کوەیت باڵیۆزی خۆی بۆ ئێران بانگهێشتکردەوە


وەزارەتی دەرەوەی کوەیت ڕایگەیاند باڵیۆزی خۆی بۆ ئێران بانگهێشـتکردووەتەوە، ئەمەش وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو هێرشانەی ڕۆژی شەممە کرانە سەر باڵیۆزخانەی عەرەبسـتانی سعودیـیە لە تاران و کونسوڵخانەی سعودیـیە لە شاری مەشهەد.

وەزارەتەکە لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی ئەمڕۆ سێشەممە نووسیویەتی بڕیاری بانگهێشـتکردنەوەی باڵیۆز مەجدی ئەحمەد ئیبراهیم ئەلزفیری (الظفيري) لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بووە کە پـێشـێلکردن بوون بۆ یاسا و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیـیەکان و هەروەها لە بەرامبەر پابەندنەبوونی ئێران بە پاراستنی شوێنە دیپـلۆماسیـیەکان و کارمەندەکانیان.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو هەریەک لە سعودیـیە و بەحرەین و سودان پەیوەندیـیە دیپلۆماسیـیەکانیان لەگەڵ ئێراندا بڕی. وڵاتی ئیماراتیش ئاستی پەیوەندیـیە دیپـلۆماسیـیەکانی لەگەڵ تاراندا بۆ ئاستی کاربەڕیکەری باڵیۆزخانە نزمکردەوە.

شەوی دووشەممەش ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی هێرشی سەر شوێنە دیپـلۆماسیـیەکانی سعودیـیەی لە ئێران شەرمەزارکرد و نیگەرانی قوڵی خۆی لەم بارەیەوە دەربڕی. داواشی لە ئێران کرد بەپـێی یاسا نێودەوڵەتیـیەکان سەلامەتی شوێنە دیپـلۆماسیـیەکان بپارێزێت.

جێبەجێکردنی سزای مەرگ بەسەر نمر ئەلنمر کەسایەتی ئاینی شیعەکانی سعودیـیە لەگەڵ 46 کەسی دیکە کاردانەوەی توندی شیعەکانی لێکەوتەوە و دەیان خۆپـیشاندانی ناڕەزایی‌یان لە ئێران و عێراق و لوبنان و پاکستان و هیندستان سـازکرد.

XS
SM
MD
LG