Accessibility links

شەڕ و پـێـکدادانی قامیشلووی نێوان کورد و حکومەت ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە


شەڕ و پـێـکدادان لە نێوان هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد و هێزە کوردیـیەکان لە شاری قامیشلوو ڕوویانداوە و لە ئاکامدا ژمارەیەک کوژراو و بریندار کەوتوونەتەوە.

بە پـێی شایەتحاڵەکان شەڕەکە لەوەوە دەسـتیپـێکردووە کە هێزێـکی ڕژێم لەوانەی بە دیفاع وەتەنی دەناسرێن تەقەیان لە ئۆتۆمبیلێـکی پـۆلیسی هاتوچۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کردووە و پاشان هێزەکانی ئاسایش لە بەرامبەردا چوار ناوچەی شارەکەیان گەمارۆداوە کە هێزەکانی ڕژێمی لێـیە. یەک لەو شوێنانە زیندانی عەلایەیە و ئێسـتا کەوتووەتە ژێر کونترۆڵی هێزە کوردیـیەکانەوە.

دواتر شەڕ گەیشتووەتە ناو بازاڕی شارەکەوە و سەرئەنجام لە لایەن هێزە کوردیـیەکانەوە کۆنترۆڵکراوە.

قەناس بە دەسـتێـکی ڕژێمیش لە مزگەوتێـکی بەرامبەر کۆمەڵە بینای ڕژێم ئەوەی بە (المربع الأمني) ناسراوە تەقەی لە 10 کەسی سیڤیل کردووە و لە ئاکامدا دووانیان پـێوەبوون و گیانیان لەدەسـتدا.

بەپـێی زانیاریـیەکان 8 ئەندامی هێزەکانی ڕژێم کوژراون کە یەکێـکیان قەناس بەدەستبووە. لە نێو هێزە کوردیـیەکانیش 3 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش گیانیان لەدەسـتدا.

هەروەها ژمارەیەکیش برینداربوون کە بەشێـکیان خەڵکی سیڤیلن، لەوانە شێوەکاری کورد ئەکرەم زاڤی و ڕۆژنامەوانێـکی ئاژانسی دەنگ‌وباسی هاوار.

پاش فراوانبوونی شەڕەکە هێزی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزی دژە تێرۆر گەیشتوونەتە شارەکە تاوەکو شانبەشانی هێزەکانی ئاسایش ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕژێم ببنەوە. لە شاری حەسەکەش هێزەکانی یەپەگە و ئاسایش چوونەتە حاڵەتی ئامادەباشیـیەوە و مەترسی هەیە لەوێش شەڕ هەڵبگیرسێت. هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپـۆرتە شەڕ لە قامیشلوو بەردەوامە.

زانا عومەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا ڕاپـۆرتێـکی ڤیدیۆیی لەم بارەیەوە ناردووە.

XS
SM
MD
LG