قه‌یرانی په‌نابه‌ران و ئه‌و کۆچبه‌رانه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه بگه‌یه‌ننه وڵاته ڕۆژئاواییه‌کان به‌رده‌وامه. هه‌ندێک له ئه‌و مرۆڤه‌ی که هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان له دژواری ژیان له وڵاته‌کانی خۆیان ڕزگار بکه‌ن له ڕێگادا تووشی ڕووداوی دڵته‌زێن ده‌بن و هه‌واڵه‌کانی ئه‌م ڕووداونه‌ش ڕۆژ له ڕۆژ زیاتر ده‌بێت.
کورده‌کان یه‌ک له ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ن که له سێ پارچه‌ی کوردستانه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان بگه‌یه‌ننه ئه‌رووپا. له ئه‌م ڕێگه‌دا، هه‌ندێک له خێزانه کورده‌کان ئازیزانی خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و هه‌ندێکیشیان ناچار ده‌بن بگه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام هێشتا شه‌پۆلی په‌نابه‌رانی کورد بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌رده‌وامه.
خاتوون مۆژده مۆعته‌سه‌م، کوردی دانیشتووی که‌رکووک یه‌ک له ئه‌و مرۆڤانه‌یه که له ڕێگای ڕۆیشتن به‌ره‌و ژیانێکی باشتر تووشی ئازاری له ده‌ست دانی کچه‌که‌ی بووه.
مۆژده ده‌ڵێت که کاتێک که‌رکووکی جێده‌هێشت، دڵی به ئه‌وه خۆش بوو به ئه‌و بڕه پاره زۆره‌ی به قاچاخچییه‌کانی ده‌دات به ئاسانی ده‌گاته ئا‌ڵمانیا و به خه‌ونیش نه‌یده‌دیت له ئه‌و ڕێگه‌دا کچه ته‌مه‌ن 15 ساڵه‌که‌ی گیانی له ده‌ست بدات و خۆشی له که‌مپێکی په‌نابه‌ران له بۆلغاریا چاوه‌ڕوانی داهاتوویه‌کی نادیار بکات.
له وتووێژ له گه‌ل ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا، خاتوون مۆژده مۆعته‌سه‌م به‌سه‌رهاتی تاڵی خۆی ده‌گێڕێته‌وه.