Accessibility links

سالار مەحمود: ئەگەر ئەم مۆدێلی حیزبایەتییە لە هەرێمی کوردستاندا کۆتایی پێنەیەت حوکمڕانی لە کوردستاندا هەرەس دەهێنێت


لە کاتێکدا چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستان راپۆرت لەسەر راپۆرت و چەندین داواکاریی و سکاڵا بەرزدەکرێنە هەم بۆ پەرلەمان هەم بۆ دادگاکان و هاوکات میدیاکانیش زۆرێک لەو گەندەڵی و سەرپێچیانە بڵاودەکەنەوە و بەدواداچوونی وردیان بۆ کردووەو بەردەوامن، بەڵام تا ئەوڕۆکە بە رای چاودێران و شرۆڤەکاران بە ئاکامێکی تەندروست و کاریگەر نەگەیشتوون بۆ لێپێچینەوەو دادگاکردنی سەرپێچیکاران.

سەرۆکایەتى هەرێمی کورستان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاپۆرتێکى بۆ ڕاى گشتى بڵاوکردۆتەوە و تیایدا نووسیویەتی" لەسەرەتاى کارەکانمان زیاتر لە 20 بەرپرس و فەرماندەى سەربازى و کەسانى دەستڕۆیشتوو لێپرسینەوەى دادوەرییان لەگەڵدا کراوە". بەڵام ناوی هیچ کام لەو بەرپرس و فەرماندەی لە راپۆرتەکەدا نەهاتووە!

لە بەشێکى ترى ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "بەسەدان دۆنم زەوى تایبەت لە کۆمپانیا گەورەکان وەرگیراونەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوامە". بەڵام ناو و شوێنی ئەو دۆنمە زەویانە باس ناکراوە!

هەروەها دەشڵێت "ئەو کەس و کۆمپانیایانەى کەباج نادەن بەپێى یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و هیچ جۆرە بەخشین و ئیستسنایەک بۆ کەس نەماوە". بەڵام ئایا ئەو کۆمپانیایانە کێن؟

لە درێژەى ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە "وەزارەتی پێشمەرگە هەزار و 566 ئەفسەر و پێشمەرگەی لە بارەگای وەزارەت كەمكردووەتەوە و زیاتر لە 12 دۆسیەی گەندەڵی تایبەت بە وەزارەتی پێشمەرگە دراونەتە دەستەی نەزاهە و لێكۆڵینەوە لەسەر بەشێكی ئەم دۆسیانە دەستیپێكردووە و هەروەها وتوشیەتى "پلانی گۆڕانكاری گەورە و گرنگ لە وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە لە بەردەستدان و لە ئایندەیەكی نزیكدا جێبەجێدەكرێن و بڕیاردرا حكومەتی هەرێم تەواوی بەڕێوەبەرایەتيیەكانی تایبەت بە خانەنشینی پێشمەرگە هەڵبوەشێنتەوە".

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە کە موچەى تایبەتى 23 هەزار کەس بڕاوە کە مەرجیان تێدا نەبووە و ناوى زیاتر لە 20 هەزار کەس لابراوە کە بەناوى کەمئەندامییەوە موچەیان وەردەگرت و چەندین بابەتی دیکە.

ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا میوانداری ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سالار مەحمودی کردووە بۆ وتووێژێک لەسەر کۆی ئەو راپۆرتەو چۆنێتی بە گەڕخستنی سیستمێکی تەندروست بۆ لێپێچینەوە و دادگاییکردنی گەندەڵکاران.

سالار مەحمود دەڵێت "ئایا راپۆرتەکە کە بڵاودەبێتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چاوەڕێ دەکەین ئایا بەس تەنها بۆ تێپەڕاندنی کات و سڕکردنی هەندێک نیگەرانییە یان بە کردار دەخوازن چاکسازی لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەن و سامان و سەروەتی گشتی بگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی".

سالار مەحمود پێشنیازێکی هەیە بۆ بارزانی "پێشنیازێکم هەیە بۆ بارزانی و حیزبەکەی بارزانی بۆئەوەی ئەو راپۆرتە بگاتە جێگەی خۆی دەبێت پەرلەمانی کوردستان بە خێرایی کارا بکرێتەوە".

هەروەها دەشڵێت "ئەگەر ئەم مۆدێلی حیزبایەتییە لەهەرێمی کوردستاندا کۆتایی پێنەیەت؛ حوکمڕانی لە کوردستاندا هەرەس دەهێنێت".

سەبارەت بە لێپێچینەوە لە گەندەڵکارانیش دەڵێت "ئەوانەی لەحیزبدان بە پلەی یەکەم بەشدارن لە بەهەدەردانی سامانی گشتیداو تەجاوزکردنەسەر موڵک و ماڵی گشتی، واتە ئەم راپۆرتە پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێزی هەمەلایەنە هەیە بۆئەوەی بتوانرێت جێبەجێبکرێت و ئامانجەکانی خۆی بپێکێت".

سالار مەحمود هیواخوازە کە "تۆڕی لێپێچینەوەکان تەنها مافیا بچوکەکان نەگرێت، بەڵکو ئەوانەی کە لەپشتی بە هەدەردانی زەبەلاحی سامانی گشتیەوەن؛ لەوانەوە دەستپێبکرێت".

هەروەها دەڵێت "هیوادارین گەندەڵی ببێتە وشەیەکی قێزەوەن؛ نەوەک وشەیەکی کۆمیدی".

XS
SM
MD
LG