Accessibility links

عەلی حەمە ساڵح دەڵێت ڕێگریـیان لێکراوە بچنە ناو هەولێرەوە و ئاسایشی هەولێر قسەکانی ڕەتدەکاتەوە


عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە میانی وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا باس لە ڕووداوی ڕێگریکردن لە خۆی و پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی دەکات بۆ ئەوەی بچنەوە شاری هەولێر.

عەلی حەمە ساڵح دەڵێت "نزیکی کاتژمێر( 8:15)ی شەو بوو گەیشتینە بازگەی هەولێر بە دوو ئۆتۆمبێل من لەگەڵ خێزانەکەم وە کاک سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ خێزانەکەی، سەیارەکەی ئەوان لە پێشەوە بوو ، داوای ناسنامەیان لە کاک سۆران کردبوو کاک سۆرانیش وتبووی نامناسنەوە، ئەوانیش وتبویان ئێمە کەس ناناسینەوە."

عەلی حەمە ساڵح وتیشی "دواتر چەکدارەکان ویستیان ئۆتۆمبێلەکەی بپشکنن ئیتر کاک سۆران وتبووی پەرلەمانتار حەسانەی هەیە ناکرێت ئۆتۆمبێلی بپشکنن لەو کاتەدا دەمەقاڵە دروست بوو و ئێمە هەوڵماندا بە گفتۆگۆ کێشەکە چارەسەر بکەین."

دوای ڕووداوەکە شەوی ڕابردوو عەلی حەمە ساڵح لە ڕونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاندبوو، سۆران عومەر میلی دەمانچەی هێنابوەوە لە دوای ئەوەی ئاسایش میلی تفەنگیان هێنایەوە، بەڵام عەلی حەمەساڵح لەو بارەیەوە ئەمڕۆ ڕەتیکردەوە و وتی" مەفهومەکە بەهەڵە گەیەنراوە ئەوان بەمنیان وت بۆیە وامان کردوە کاک سۆران میلی دەمانچەی لێ هێناوینەتەوە، وە ئەمڕۆش قسەم لەگەڵ کاک سۆران کردەوە و ڕەتیکردەوە میلی دەمانچەی هێنابێتەوە، دواتر ئەو بازگەیە کامێرای فول کواڵێتی لێیە با ڤیدیۆکان بڵاوبکەنەوە بزانن کێ لە پـێشدا میلی لە کێ هێناوەتەوە؟!"

بەبڕوای عەلی حەمە ساڵح ڕێگرتن لە گەڕانەوەیان بۆ هەولێر بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە و وتیشی" دەمانناسن چۆن نامانناسن و ئەوان نزیکەی دوو سەعات ئێمەیان ڕاگرت نەیاندەهێشت نە بگەڕێینەوە بۆ سلێمانی نە بچین بۆ هەولێر. دیاربوو بە بڕیاربوو چاوەڕێی تەلەفۆنی سەرەوەیان دەکرد."

لە لایەکی دیکە تاریق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە ئەحمەد زێباری پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە هەولێری گوتووە " ئەوەی کە بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە و ئەوەی کە لە پـلانیاندا هەبووە لە لای ئەم دوو ئەندام پەرلەمانەوە بووە کە بەرەو شاری هەولێر هاتوونە و بە مەبەستیش هاتوونە. هاتوونە بۆ ئەوەی بێ ڕێزی بکەن و بۆ ئەوەی دیسان خۆیان بکەنە باس لەسەر شاشەکان و بە خەڵک بڵێن بەڵێ هەولێر ئارام نیـیە و لە هەولێر هەڕەشە هەیە و هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵک و ژیانی ئێمە هەیە."

پاشان تاریق نوری گوتویەتی " کارمەندی ئاسایش کاری خۆی کردووە و هیچ هەڵەی نەکردووە و ئەو بازگەیەش فشارێـکی زۆری لەسەرە و هەر کەسێـکیش بێت و لە هەر پلە و پـۆستێـکدا بێت دەبێت لێپـێچینەوە و دەبێت بە وردی بپـشکنرێت لەو بازگەیە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:22 0:00
please wait

No media source currently available

0:00 0:03:17 0:00

XS
SM
MD
LG