Accessibility links

هەزاران مامۆستا بەهۆی سەختی بژێوی ژیانەوە ناتوانن قوتابخانەکان بکەنەوەو سەدان هەزار قوتابیش چاوڕێن. قەیرانە یەکلەدایەکەکانی هەرێمی کوردستان و گرفتارییە گەورەکانی بەردەم خوێندن و پەروەردەو مامۆستایان و کۆی سیستمەکە؛ تێکرا جێی گفتوگۆ و وردبونەوەی زیاترن، بەڕای شارەزایان و شرۆڤەکاران بەردەوامبوونی ئەم دۆخە قەیاراناوییە کاریگەریی زۆر خراپ و مەترسیاداریان دەبێت مهەم بۆ ئێستا و هەم بۆ ئایندە.
کەمکورییە میتۆدی و ئەکادیمییەکانی پەروەردەو خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا چین؟
کاریگەرییە مەترسیدارە سیاسی و فەرهەنگی و ئەخلاقی و حیزبییەکان چین لەسەر قوتابخانە و زانکۆکان و فەرهەنگی خوێندن؟
ئایا کورد خاوەنی فەلسەفەیەکی زانستی و ئەکادیمییە بۆ پەروەردە و خوێندن لە باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆو ماستەر و دکتۆرا؟
ئایا سیستمی پەروەردەو خوێندن لەهەرێمی کورستاندا جیاوازییە جەندەرییەکانی کەمترکردۆتەوە یان قوڵتر و سەختری کردووە؟

ئاسۆ جەبار بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکان سەبارەت بەم دۆسیە و تەوەرانە میوانداری پرۆفیسۆری یاریدەدەر و نوسەر رێبوار سیوەیلی کردووە.....

لەگەڵ بەرپابوونی ئەم قەیرانە ئابورییە گەورەیەدا و نەکردنەوەی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان چ کارەساتێکی پەروەردەیی زیاد دەکاتە سەر کەمکورییەکانی سیستمی پەروەردە؟

رێبوار سیوەیلی "ئەم کێشەیە پەیوەندی بە کەمتەرخەمی و نەبوونی رەهەندی پەروەردە کە بەشێک نیە لەسیاسەتی گشتی حکومەتی هەرێم، رەنگە لەڕووی میدیاییەوە زۆر گرنگ بێت و زۆر قسە لەسەر پەروەردە دەکرێت، بەڵام قسەکردنی دروشمئامێزی و میدیایانە جیاوازە لە بەرنامەی دانانی کرداری و کردنی پەروەردە بە وەستایەکی باش بۆ دروسستکردنی مرۆڤێکی دوارۆژ لەم هەرێمەدا، ئەمە ئەو رەهەندەیە کە ونە لەسیاسەتی هەرێمدا".

هەروەها دەشڵێت "ئێمە لەدۆخێکی زۆر مەترسیدارداین، کە ئەگەر حکومڕانییەکی بەتەواوی مانا فاشی و داگیرکریش لەئارادا بێت، هەرگیز نەدەبوو مامۆستایان کە بۆخۆیان بەرپرسیارێتییەکی گەورەی پەروەردەییان لەسەر شانە درێژە بەم دۆخە بدەن، لەبەرئەوە ئەوان دەزانن کە چ رۆڵێکیان هەیە لە ئایندەی ئەم کۆمەڵگەیەدا".

رێبوار سیوەیلی دەڵێت پەروەردەو خوێندن بۆتە بارمتەو دەڵێت "پەروەردە بۆتە بارمتەیەک لەنێوان دوو هێزدا، لەنێوان هێزێکی جەماوەری لەمامۆستایان پێکدێت و هێزێکی حکومداری کە پێیوایە لەڕێگەی ئەو کەمتەرخەمیانەی کە تا ئێستا هەیەتی دەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و جۆرێک لەناچاری دروستبکات".

دەرئەنجامەکانی پەکخستنی خوێندن زۆر لەوە گەورەترن کە بیری لێدەکرکێتەوە لەوبارەیەوە رێبوار سیوەیلی دەڵێت "دەرئەنجامێکی خراپی ئەم قەیرانە ئەوەیە کە مناڵان دەگەڕێنرێنەوە بۆ ناو ماڵی کوردی کە پڕە لەناکۆکی و پڕە لەجەبرێکی تری کوشندە کە دۆخێکی ئابوری خراپ هەیە، رەنگدانەوەی لەسەر خێزانی کوردی هەیە".

هاوکات "خێزانی کوردی لەسترێسێکی بەردەوام دایە، لەبەردەم مەترسییەکی بەردەوام دایە، لەهەمانکاتیشدا لەبەردەم هێرشی بەردەوامی میدیا ناپرۆفیشناڵەکانی هەرێمی کوردستاندایە، ئەوەش باری ئەو سترێسەیان قوڵتر کردووە".

سەبارەت بە نایەکسانی جێندەریش؛ رێبوار سیوەیلی دەڵێت "یەکێک لەدەرئەنجامەکانی دیکەش نایەکسانی جێندەرییە، زۆر زۆر مەرسیدارە، ئەویش زیندوکردنەوەی فۆرمێکی دیکەیە لە نێرسالاری لە باوکسالاری و لەپیرۆزکردنی هێزو هێزی بازوو، واتە ئەوەی تۆ هەر ئەبێت ئیشی کرداری بکەیت و خوێندن هیچ نیە و هیچ بایەخێکی نیە، ئەمانە نایەکسانییەکی گەورە دروستدەکەنەوە و قوڵتری دەکەنەوە".

دەشڵێت "هێزە دواکەوتووەکانی کۆمەگەش بە هەلی دەزانن، بە شێوازی تر مزگەوتەکان و رەنگە نەریتی ئاینی توندڕەوخواز فرسەتی خۆی بهێنێت کە ئەم هێزە بەتاڵانکراوە کۆمەڵایەتییە بەکاربێنێت لەغیابی قوتابخانەدا لەغیابی دیسپلینی زانستی و فێرکاری و پەروەردەییدا؛ ئەو دێت فێرکارییەکانی خۆی بەسەردا دەسەپێنێت، وە ئەو فەراغە بە ئایدۆلۆژیای ئاینی پڕ دەکاتەوە. ئەمەش مەترسییەکی زۆر گەورەیە".

ریبوار سیوەیلی نیگەرانە بەرامبەر پەککەوتنی خوێندن و پەروەردەو بە مامۆستایان دەڵێت "فاشیترین حکومڕانی حکومی بکردایە، بەو پێیەی کە پەروەردە ئامانجێکی زۆر گەورەی مرۆییەو داهاتووی نەتەوەیەکی پێوە بەندە، دەبوو لەبەرامبەر فاشیەتی هەر جۆرە حکومڕانییەکدا لەوە زیاتر پەەروەردەیان پەکنەخستایە، ئەرکەکەیان بسپاردایە بە نوێنەرانی خۆیان".

سەبارەت بە خوێندنی فەرمی و قوتابخانە تایبەتەکان؛ رێبوار وسیوەیلی دەڵێت "ئێمە ماوەی 10 بۆ 15 ساڵە بوین بە داوی کۆمەڵێک مۆدێلی هاوردەکراو بەناوی بریقەدارەوە وەکو قوتابخانەی ئەمریکی و سیستمی سویدی و بەریتانی و فەرەنسی و ئەمانە، ئەم جۆرە رەوتە دیاردەیەکی دیکەی سەرمایەداری مشەخۆرە لەهەرێمی کوردستاندا کە دەیەوێت کەرتی پەروەردە وەک بەشێکی تر لەسەرمایە بەکاربهێنێت و قازانج بکات و بۆئەمەش ئاسانکاری زۆر زۆری یاسایی و ئیداری لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کراوە".

دەشڵێت "پەروەردەی فەرمی لەهەرێمی کوردستان شکستی پێهێنراوە، ریسواکراوە، چونکە کەرتێکی پیرۆزکراوی تایبەتیان دروستکردووە کە ئەوەی فێرکردن و ئەوەی پەروەردەو ئەوەی زمان فێربوون و داهاتووی منداڵی و گەنجی کورد بێت دەبێت لە قوتابخانە تایبەتەکان بێت و وە بە لێشاو دایکان و باوکانی کورد کەسابەت دەکەن بۆ ئەوەی پارەو سامانی خۆیان لەپێناو داهاتوییەکی باشتر بۆ مناڵەکانیان بخەنە گیرفانی ئەو کۆمپانیایانەی کە لەپشتەوەی قوتابخانە تایبەتەکانن".

سەبارەت بە داهاتووی پەروەردەو فێرکردن لەهەرێمەکەدا رێبوار سیوەیلی دەڵێت "نەبوونی ستراتیژێکی پەروەردەیی ئەخلاقی کە پەیوەندی هەبێت بە دروستکردنی مرۆڤی ئایندەگەراییەوە لەم هەرێمەدا لەسیاسەتی حکومەتی هەرێمدا نیە".

هاوکات دەشڵێت "ئیسلامیزەکردنی قوتابخانەکان و کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان خوێندنی ئیسلامی و خوێندنی پەروەردەیی و وە بوونی لێشاوێک لەمامۆستای بە ئایدۆلۆژیا سەر بە ڕەوتە ئاینی و یان ئاینی و حیزبی تایبەت، ئەمانە نفوزیان کردۆتە ناو قوتابخانەکانەوە بەبێ ئەوەی هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەگەڵدا بکرێت".

"منداڵەکان ئەمرۆ پرسیار لەخۆیان دەکەن کە ئایا چ بایەخێک هەیە من بخوێنم یان نەخوێنم".

"ئێمە بە دوو مانگ پەکخستنی ئیجباری خوێندن بەقەدەر دوو ساڵ بەهای پەروەردەیمان لەم هەرێمەدا لەدەستداوە".

"ئێمە لەهەرێمی کوردستاندا لەڕووی پەروەردەییەوە میراتخۆری سەردەمی بەعسین".

"یەک راستی دەڵێم کە رەنگە ئیسلامییەکان زۆریان پێخۆش بێت، بەڵام ئەوە حەقیقەتێکە. بڕوات بێت هەرچی چەند کەرتکردنی بواری پەروەردەییە لەم وڵاتەدا، هەرچی دەستخستنە ناو سیستمی پەروەردەیی و ئەکادیمی ئێمەیە لەهەرێمی کوردستاندا میراتی پارتی و یەکێتییە، دوای ئەوان ئینجا ئیسلامییەکانە".

سەرئەنجام رێبوار سیوەیلی دەڵێت "کارەساتی گەورە لەداهاتوودا روودەدات کە تۆ مرۆڤێکت لەم هەرێم بچوکەدا بۆ دروستدەبێت کە هەریەکە شتێکی ئایدۆلۆژی یا سیاسی یا حیزبی بە ئامانجی سەرەکی خۆی دەزانێت، ئەمە مەترسییەکەیە، واتە کەمتەرخەمی لەبواری پەروەردە دەرئەنجامەکەی لەداهاتوودا دەردەکەوێت".

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن.....

XS
SM
MD
LG