Accessibility links

بەختیار سەعید: گەورەترین پیشانگەی هاوبەشی شێوەکارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەکەینەوە


یەکێک لە کۆڵەکە گرنگەکانی کۆمەڵگەیەکی زیندوو ئەو سەرمایە سومبوڵی و ژیارییە کە تێکڕا کاریگەری گەورە لەسەر گەشەی شارستانی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی جێدەهێڵێ؛ بریتیین لەو بوارە فەرهەنگی و هونەریانەی کە دەبنە شوناسێکی زیندوو بۆ ناسینەوەو بەرهەمهێنانی پەیوەندییەکی مرۆیی و شارستانی لە نێوان مرۆڤەکاندا و لەنێوان کۆمڵگەکانی جیهاندا. بەڕای شارەزایان و پسپۆڕانی ئەو بوارە، هونەر و فەرهەنگ لەئاستێکی شارستانی گەورەدا دەتوانێت کۆمەڵگە لە گەشەو زیندوێتی و هەماهەنگیدا بهێڵێتەوە؛ هەم لەئاستی نێوخۆیدا هەم لەئاستی جیهانیدا.

بە ئارشیفکردن و هێشتنەوەی مێژووی فەرهەنگی و هونەریش تێکڕا کاریگەری لەسەر ئاستی شارستانی و فەرهەنگی مۆدێرن جێدەهێڵێت و بەتایبەت ئەگەر مێژووی ئێستا و رابردوو هاوئاهەنگ لەگەڵ دنیای مۆدێرندا بکرێتە بابەتگەلێکی زیندوو و بەرهەمهێن. سەبارەت بە کۆمەڵێک تەوەرەی گرنگی پەیوەندیدار بەم پرسانەوە ئاسۆ جەبار لەدەنگی ئەمریکاوە بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکان میوانداری نوسەر و رۆژنامەنوس بەختیار سەعیدی کردووە.

بەختیار سەعید دەڵێت "ئێمە توانیمان میوانداری 15 وڵاتی جیهان بکەین بۆ شاری سلێمانی و پێکەوە کاربکەن. هاوکات سودێکی ترمان لەم پرۆژەیە وەرگرت کە 15 وڵاتمان بە سلێمانی ناساند".

سەبارەت بە پرۆژەکانی هونەری و رۆشنبیرییەکانیشیان دەڵێت "دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان هەوڵێکی زۆر جیدیدا لەناو شاری سلێمانیدا، کۆمەڵێک کاری کرد کە پێشتر هیچ دەزگایەک بەو شێوەیەو بەو ئاستە کاری نەکردووە. ئەم دەزگایە گەلەرییەکی دروستکرد بەناوی گەلەری ئازاد شەوقی وەک رێزلێنانێک بۆ ئەو هونەرمەندە، هەتا ئێستا هۆڵەکە ژمارەیەکی زۆر پیشانگەی تیادا کراوەتەوە ، هاوکات گەلەرییەکی دیکەمان کردەوە بەناوی ماموستا عەلی لەتیف، ئەویش یەکێکە لە هونەرمەندەکانی شاری سلێمانی و جێی شانازییە، هاوکات چاپکردنی کۆمەڵێک کتێبیشمان بە زمانی کوردی و بە زمانی ئینگلیزی چاپکردووە".

سەبارەت بە بایەخی بڵاوکردنەوەی کارە هونەری و فەرهەنگییەکان بە زمانە زیندووەکانی جیهان؛ بەختیار سەعید دەڵێت "زۆر گرنگە بۆ داهاتوو بیر لەوە بکەینەوە بە زمانە جیاوازەکانی دنیا؛ پەیامی خۆمان و پەیامی پەیامی هونەری و ئەدەبی بگەیەنینە ئەو ناوەندانە زۆر بەرفراوانانەی جیهان".

دەشڵێت "بۆ نمونە لەساڵی رابردوودا لە پیشانگەی فرانکفۆرت کە نزیکەی 110 وڵات بەشداری دەکەن، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگریت کە تۆ لەناو ئەم 110 وڵاتەدا توانیوتە چی بکەیت".

چۆن هونەرو فەرهەنگی کورد ببێتە کەرەستگەلێکی زیندوو و هەمیشەیی بۆ گەشتیاران و پەیوەندی فەرەهەنگی و هونەری جیهانی؟ بەختیار سەعید دەڵێت "ئێمە کە دەچینە هەر وڵاتێکەوە کۆمەڵێک شت هەیە بە دیاری لەگەڵ خۆماندا دەیهێنینەوە، ئایا فۆتۆیە یا مەدالیایە؛ هەرچییەک کە سیمای ئەو وڵاتە یاخود ئەو شارەی پێوەیە، بیرم لەوە کردەوە ئایا لەسلێمانیەوە گەشتیاران بڕۆنەوە، ئایا چی هەیە لەگەڵ خۆیاندا بیبەنەوە، هیچ شتێکی لایەنی کولتوریمان نیە، من ناوەندێکم لە سلێمانی دروستکردووە بەناوی حەوتە رەنگەوە کە کار بۆ بەکولتورکردنی تابلۆی هونەرمەندانی کورد دەکات لەهەموو ناوەندەکان، هەر لەماڵەکانمانەوە بۆ ناو ئۆفیسەکان، بۆ نەخۆشخانەکان، بۆ میوانخانەو کافێتریا و ریستورانت و ئەو شوێنانەی تر. دەچیتە هەر وڵاتێکەوە تابلۆ و سیرامیک و پەیکەر و فۆتۆی هونەرمەندانی ئەو وڵاتەی تیادایە".

هەروەها دەڵێت "لە کوردستاندا زۆر بەداخەوە لە 99% ی تابلۆ و کاری هونەری بیانییەو کوردی نیە، کەسێک کە دێتە کوردستان پێویستە کاری هونەری کوردی ببینێت"

بەختیار سەعید دەڵێت "ئێمە گەورەترین پیشانگەی هاوبەشی شێوەکارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەکەینەوە". هاوکات دەڵێت "سەرجەم کارە هونەرییەکانی سەروەت ئەنوەر سەوزمان کۆکردۆتەوەو کوراسێکی شایستەی بۆ دەکەین"

بەختیار سەعید چەندین پرۆژەی هونەری وەک کوراس و کۆکردنەوەی پرۆژە تابلۆلکانی هونەرمەندانی کوردی ئەنجامداوە، ئێستاش سەرقاڵی کۆمەڵێک پرۆژەی گرنگە، لەم چاوپێکەوتنەدا گوێبیستی دەبن.

XS
SM
MD
LG