Accessibility links

فاروق رەفیق: تاقیکردنەوەیەکی زۆر ترسناک لە گۆڕێدایە


سیستمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لەژێر پرسیاری گەورەدایە؛ بە ڕای شارەزایان و شرۆڤەکاران تێکڕای جومگە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵات و سەرچاوە ئابوری و سیاسییەکان و دامەزراوە کۆمەڵایەتی و ژیارییەکانی کۆمەڵگە پەیوەندییەکی یەکانگیر و یەکترتەواوکەریان هەیە پێکەوە لە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی و یاسایی و دەستوریدا تێکڕا لەگەڵ خودی هاوڵاتیان و دەسەڵات و حکومڕانیدا. هەر کەموکوڕییەکی جومگەیی لەم پەیوەندییەدا گرفتی گەورە یان قەیرانی گەورە دروستدەکەن.

بەپێی راوبۆچونی ئەکادیمیست و شارەزاکان چەند کۆڵەکەیەکی پڕ بایەخ و بنچینەیی هەن کە شوناسی تەواوی کۆمەڵگە لە مەودایەکی شارستانیی جیاوازدا بەرجەستە دەکەن. سەرباری ژێرخانی ئابوریی و هاوکات مەودای سیاسی و ئایدۆلۆژی؛ کۆمەڵێک کۆڵەکەی گرنگ هەن وەک رەوتی زانستی و ئەکادیمی قوتابخانە و ئاستی وۆشیاری شارستانی کۆمەڵگە وەک دامەزراوەگەلێکی مۆدێرن کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە تیایدا هەست بە ژیان و مرۆڤبونی خۆیان بکەن و کولتۆریش وەک هێزێکی شارستانی زیندوو، کە پێکڕا زیندوێتی و دامەزراوەیی کۆمەڵگە رەنگڕێژ دەکەن.

ئاسۆ جەبار بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکان وتووێژێکی لەگەڵ دکتۆر فاروق رەفیقدا سازکردووە....

فاروق رەفیق دەڵێت "هەتا ئەو دەسەڵاتە رووە فاشیست و ستەمکارییەکەی دەربکەوێت، رووە رزگارییەکەشی؛ یان دەبێت روناکیش لەشوێنێکەوە دەربکەوێت".

هەروەها دەڵێت "لەبەرامبەردا ئەو هۆشیارییە سیاسییە نیە کە پێویستە، وە ئەو هێزە سیاسییە مەدەنییە دروست نەبووە کە بێت و بۆیەکەمینجار کارێک بکات سیاسەت لەدایکبێت لەم وڵاتەدا، ئەمەی کە هەیە سیاسەت نیە".

سەبارەت بە کۆی قەیرانەکانیش دەڵێت "تاقیکردنەوەیەکی زۆر ترسناک لەگۆرێدایە، وەک ئەوە وایە کۆمەڵگەکەی ئێمە بوبوێت بە تاقیگەیەک؛ لەم تاقیگەیەدا تاقیکردنەوەیەکی گرنگ و زۆر ترسناک دەگوزەرێ، کە فشاریان بۆ دێنن، برسی دەکرێن، هەموو مافەکانیان لێوەردەگیرێتەوە، هەموو سەروەت و سامانیان دەبرێت و بەشدەکرێت لەنێوان حیزبێک و دواندا نا؛ ئەوە راست نیە، لەنێوان پێنج کۆمپانیادا، تاقیکردنەوەکە ئەوەیە؛ تا چەندە ئەم خەڵکە بەرگەدەگرن".

دەشڵێت "جۆرێک لەکۆیلایەتی خۆبەخشانە لەئارادایە، بۆنمونە خەڵکێک بەرگەی ئەم برسێتییە دەگرێت، پرسیاری گەورەی لا دروستنابێت، هەموو مافەکانی دەخورێت و دەڵێت قەیناکە؛ ئێوە نەوتەکە بەرن، بەڵام بەشی ئێمە بدەن لە موچە، ئەمە یەکەمجارە لەدنیادا روودەدات کە هاونیشیمانیانی وڵاتێک ئاوا قسە بکەن".

سەبارەت بە کۆی سیستمەکەش دەڵێت"مەکتەبی سیاسی شوێنی حکومەت و ئاسمان و پەرلەمان و هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە".

هەروەها دەڵێت "بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد کە من نیشانەیەکی پرسیاری دەخەمە سەر کە (ئەم بزوتنەوەیە نەبووە)، ئەم بەناو بزوتنەوەیە لەگەڵ هەندێک لەبزوتنەوەکانی دیکەی جیهانی سێهەمدا هەرەسدەهێنێت و ئەوانیش هەموو دەگۆڕێن بۆ دیکتاتۆر".

فاروق رەفیق لەتێزێکی ماکس فیبەرەوە، دەروازەیەکی دیکە لە وتووێژەکە دەکاتەوە و دەڵێت "ماکس فیبەر باس لەئەخلاقیاتی بەرپرسیارێتی دەکات؛ ئێمە نەک لەکۆی بوارەکاندا بەڵکە لەخودی جڤاتدا لەغیابی ئەخلاقی لێپرسراوێتیدا دەژین".

سەبارەت بە شوناسی کۆمەڵگەش فاروق رەفیق دەڵێت "کۆمەڵگە چیە؟ کۆمەڵگە پەیمانێکی کۆمەڵایەتییە لەنێوان هاونیشتیمانیان و هاونیشتیمانیاندا، هەروەها لەنێوان هاونیشتیمانیان و دەسەڵات یان حکومەت یان دەوڵەتدا، ئێمە لەغیابی ئەم پەیمانە کۆمەڵایەتییەدا دەژین".

سەبارەت بە میدیاش دەڵێت "میدیایەکی ترسنۆک و شەرمن هەیە".

سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەش فاروق رەفیق دەڵێت "خۆپیشاندان لەژورێکی تاریکدا نەکراوە، لەفەزای گشتیدا کراوە، دەسەڵات لەهەموو شوێنێکە دەسەڵات خۆی لەوێ چاوی هەیە، سیخورەکانی زانیارییەکانی بۆ دەگوازنەوە و وێنەکان دەگرن؛ مانای چیە سکاڵاکان دەبەن بۆ ئەوێ".

سەبارەت بە فشار و دەسەڵات فاروق رەفیق دەڵێت "هەموو دەسەڵاتێک لێیگەڕێیت لەم دنیایەدا گەندەڵ دەبێت، ئەوەی کە ناهێڵێت گەندەڵ بێت، ئەو کێبڕکێ و ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینانەیە، لەبەرئەوە ئەگەر وڵاتێک ناڕەزازیەتی تیادا نەبوو، مانای ئەوە نیە ئەم وڵاتە یان ئەو شارە ئاساییشەو هەموو شتێک چاکە، نەخێر ئەوە فاسد بووە".

هەروەها دەڵێت "گۆڕینی سەرلەبەری بونیادی نەک هەر ئەم دەسەڵاتە بێکەڵکە؛ گەندەڵە، بەڵکو دەستکاریکردنی کۆمەڵگە؛ بە چ مانایەک، بە مانایەک کۆمەڵێک دابونەریت لەم کۆمەڵگەیەدا لەگەشەکردندان؛ پێویستە رابگیرێن".

سەبارەت بە داواکارییەکانی 17 ی شوبات و داواکارییەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە؛ فاروق رەفیق رایوایە کە "داواکاری 17 ی شوبات ئەوە بوو ئەم مۆدێلە کۆتایی پێبێت، لەپشت ئەم داواکارییەوە هۆشیارییەکی گەورە هەبوو".

هەروەها دەڵێت "شتێک هەبوو بە ناوی ئۆپۆزسیۆن ؛ لەوکاتەی کە خەڵکی ئازادیخواز لەخۆپیشاندانەکە بوون، ئەوان لەو دیووەوە خەریکی رێکەوتنی سیاسی بوون کە چۆن کێکەکە بەشبکەن".

دەشڵێت "مانای چییە داواکارییەکانی ئێوە دەبەین بۆ هەولێر؛ ئەمە گەمەکردن نیە بە سیاسەت! ئەمە گەمەکردن نیە بە مافی خەڵک و داواکارییەکانیان، ئەمە داڕزینی هۆشیاری نیە".

سەبارەت بە موچی خانەنشینە باڵاکانیش دەڵێت "نیوەی بودجەی فەرمانبەران دەچێت بۆ کۆمەڵێک خەڵک کە لەماڵەوە خۆی ئەلێسێتەوەو خانەنشین بووە و هەموو حیزبەکانی تیادان".

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن.....

please wait

No media source currently available

0:00 0:34:07 0:00

فاروق رەفیق: تاقیکردنەوەیەکی زۆر ترسناک لە گۆڕێدایە
please wait

No media source currently available

0:00 0:34:07 0:00

XS
SM
MD
LG