Accessibility links

دکتۆر کارزان موحه‌مه‌د: میدیای کوردی له‌ خه‌می وروژاندنداندایه‌ نه‌ک چاره‌سه‌ری

  • یه‌حیا به‌رزنجی

ناکۆکییه‌کانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان و ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ی دروستبوون، میدیا گه‌لێکیش کاری له‌سه‌ر ده‌کات، وه‌ک مامۆستای زانکۆی پۆلی ته‌کنیک له‌ سلێمانی ده‌ڵیت "میدیا به‌ر له‌هه‌ر شت به‌رپرسیارێتییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌، ده‌بێ رۆڵ بگێڕن له‌ دروست کردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کگرتوو، نزیک خستنه‌وه‌ی جه‌مسه‌ره‌ جیاوازه‌کان له‌یه‌کتری، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ میدیایه‌ک له‌ کوردستان دروست بووه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌ خه‌می وروژاندنیی بابه‌ته‌کاندایه‌ ئه‌و خه‌مه‌ی نییه‌."

ئێستا له‌ هه‌رێمی کوردستان میدیای زۆر هه‌ن که‌ سه‌ر به‌ حیزبه‌کانه‌، میدیاش دروست بوون که‌ به‌رپرسه‌کانی له‌ پشته‌و به‌شیوه‌یه‌ک کار بۆ پاڵپشتی ئه‌جێندای ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ ده‌کات، له‌ کاتێکدا زۆرێک له‌و به‌رپرسانه‌ په‌رپرسیاریتیان هه‌یه‌و به‌شێکن له‌و قه‌یرانانه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵکدا هاتووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش میدیاکانیان له‌ پشته‌، کارزان لای وایه‌ هه‌موو ده‌بێت ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن که‌ له‌ کاری میدیایی رێگه‌ی پێ دراوه‌، ده‌شڵێت "ده‌بێ داواکاری گشتی، هه‌روه‌ها سه‌ندیکای رۆژنامه‌وانان چاودێری میدیاکان بکات و لێیان بپرسێته‌وه‌، ده‌نا بارودۆخه‌کان و کێشه‌کان ئاڵۆزتر ده‌بن."

له‌ هه‌رێمی کوردستان، نه‌داواکاری گشتی ئه‌وه‌نده‌ چالاکه،‌ نه‌ سه‌ندیکایه‌کی پرۆفیشناڵ له‌ ئارادایه‌، که‌وابوو ئه‌رکه‌که‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌رشانی کێ؟ له‌و باره‌یه‌وه‌ کارزان ده‌ڵێت "سه‌رنوسه‌ره‌کان به‌رپرسیارن، هه‌رشتێکیش بکه‌وێته‌وه‌، میدیاکار له‌ هه‌موو که‌س ئاسانتر ده‌بێته‌ قوربانی، له‌ ململانێکانی نێوخۆی عێراق میدیا کارانیش به‌شێک بوون له‌ دروست کردنی ئه‌و ئاڵۆزیانه‌و قوربانیشیان زۆر داوه‌، له‌ کوردستانیش هه‌موو له‌ که‌شتییه‌کداین."

XS
SM
MD
LG