Accessibility links

ڕەوتێـکی سیاسی نوێ بە ناوی "بەرەى دیموكراسى گەل" لە کەرکوک خۆی ڕاگەیاند


ڕەوتێكى سیاسى نوێ‌ لە كەركوك لە ژێر ناوى ( بەرەى دیموكراسى گەل) خۆى راگەیاند ، كە سەرجەم دامەزرێنەرانى ئەم رەوتە نوێ‌‌یە كوردن و دانیشتوى كەركوک و ناوچە جیاجیاكانى هەرێمى كوردستانن.

عادل عوسمان ئەندامى دامەزرێنەرى بەرەى دیموكراسى گەل ، ئاماژەى بەوەكرد چەندین كەسایەتى سیاسى و چالاكوان و رۆشنبیر بەشدارن لە دامەزراندنى بەرەكەیان دا ، وتى"بەرەكەمان بەرەیەكە داكۆكى لەگەل دەكات."

دامەزرێنەرانى رەوتى بەرەى گەل كە ئەمرۆ پـێنجشەممە لەكۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا دامەزراندنى بەرەكەیان راگەیاند، دانیشتووى پارێزگاكانى هەرێم و كەركوكن بەڵام كەركوكیان هەڵبژارد بۆ ئەوەى بەرەكەى تێدا رابگەیەنن.

لە بارەى هۆكارى هەڵبژاردنى كەركوک، عادل عوسمان وتى"كەركوك چەقى پێكەوە ژیانى نەتەوە جیاوازەكانە ، رەوتەكەى ئێمەش لەسەر بنەماى یەكتر قەبوڵ كردن دامەزراوە بۆیە كەركوكمان هەڵبژارد."

بەپێى وتەى دامەزرێنەرەكەى بەرەى دیموكراسى گەل ، ئامانجیان رێكخستن و كۆكردنەوەى كۆمەڵگایە لەبەرەیەكى دیموكراسیدا و كار بۆ باشتركردنى ژیانى ئابورى كۆمەڵگا دەكەن.

دامەزراندنى ئەم رەوتە نوێ‌ یە ، هاوكاتە لەگەڵ خراپى بارودۆخى جەماوەرى و ئابورى ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەى كە بە "حیزبە بچوكەكان"ناسراون .

XS
SM
MD
LG