Accessibility links

كاروان ئه‌نوه‌ر: هیچ گره‌نتیه‌ک نیـیه‌ بۆ ژیانی ڕۆژنامه‌نووسان له‌ كوردستان منیش له‌ ژیانی خۆم ده‌ترسم


كاروان ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی لقی سلێمانی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان ئێمه‌ ساڵ به‌ساڵ هه‌وڵده‌ده‌ین كه‌ پێشێلكاریه‌كان كه‌م بێته‌وه‌ دژ به‌ ڕۆژنامه‌نوسان به‌ڵام له‌ ساڵی 2015 حاڵه‌تێكی ده‌گمه‌ن ڕوویدا ئه‌ویش داخستنی كه‌ناڵ بوو، ئه‌وه‌تا ساڵی 2016ش خوێنی ڕۆژنامه‌نوس ڕژێنرایه‌وه‌.

كاروان ئه‌نوه‌ر سكرتێری لقی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسان له‌ میانه‌ی وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وێڕای نیگه‌رانی له‌ باره‌ی كوشتنی ڕۆژنامه‌نووس وەدات حسێن ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر دۆخی ئێستای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان به‌م شێوه‌ مه‌ترسیه‌ی ئێستا بمێنێته‌وه‌ ئه‌وا هیچ پێشكه‌وتنێک به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێ چونكه‌ ناكرێت هه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێک مه‌له‌فی گه‌نده‌ڵی هه‌ڵدایه‌وه‌ بكوژرێت! جا ئه‌و كاته‌ له‌گه‌ڵ كۆریای باكور جیاوازیمان چی ده‌بێت؟!

كاروان ئه‌نوه‌ر ده‌ڵێت وەدات به‌ شێوازێكی دڕندانه‌ له‌ لایه‌ن مافیاوه‌ تیرۆر كرا هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ هیچ سودی نیه‌ و پێویسته‌ گروپی فشار دروست بكه‌ین.

سكرتێری لقی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان مه‌ترسی دۆخی ڕۆژنامه‌نسان له‌ كوردستان دوپات ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت له‌ هه‌موو شاره‌كانی كوردستان به‌ پلان كار ده‌كرێت بۆ زمان بڕین و ترساندن و تۆقاندنی ڕۆژنامه‌نووسان.

كاروان ئه‌نوه‌ر ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ڵوێستی رۆژنامه‌نووسان ده‌گرێت له‌سه‌ر كوشتنی وەدات و ده‌ڵێت به‌ ته‌نها له‌ناو شاری سلێمانیدا (2400) ڕۆژنامه‌نووس ئه‌ندامی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسـانن له‌ دوێنێوه‌ چه‌ند جار ئاگاداریمان بڵاوكردۆته‌وه‌ بۆ گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی دژ به‌ كوشتنی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ی دهۆک كه‌چی ئه‌وه‌ی كه‌ ئاما‌ده‌ی مه‌راسیمی ئیدانه‌كردنەکە بوو نه‌گه‌یشته‌ 100 ڕۆژنامه‌نووس.

وتیشی كێشه‌كه‌ و كوشتنه‌كه‌ دیاره‌ خۆی هاوار ده‌كات كه‌ لایه‌نێك و كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێك كردویه‌تی و به‌رنامه‌ بۆ دانراوبووه‌.

سه‌رۆكی لقی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان گوتی " ڕشتنی خوێنی وەدات حسێن دوا كوشتن و ڕشتنی خوێنی ڕۆژنامه‌نووسان نابێت له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ مافیا به‌و شێوه‌یه‌ حوكمی بكات و له‌ ناوه‌ڕاستی بازاڕدا ڕۆژنامه‌نووس بڕفێنن و تیرۆری بكه‌ن كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی به‌ ئاشكرا ڕۆژنامه‌نوس ده‌كوژن."

وتیشی خوێنی ڕۆژنامه‌نووسان لێره‌ به‌ هه‌ده‌ر ده‌ڕوا و تا ئێستا هیچ بكوژێكی ڕۆژنامه‌نووس ده‌ستگیر نه‌كراوه‌.

كاروان ئه‌نوه‌ر له‌ كۆتایی وتووێژه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا وتی:هیچ گره‌نتیه‌ك نیـیه‌ بۆ ژیانی ڕۆژنامه‌نوس له‌م وڵاته‌دا ته‌نانه‌ت من ئێستا له‌ ژیانی خۆم ده‌ترسم و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانم هه‌یه‌.

XS
SM
MD
LG