Accessibility links

مەریوان نەقشبەندی: لەم قەیرانە داراییەدا زیاتر لە 500 مزگەوت لە هەرێمی کوردستان دروستکراون


چاودێران قوڵتر دەڕواننە قەیرانەکانی ناوچەکە و هاوکات داعش توانی سەرلەبەری ستراتیژە مەترسیدارەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان راکێشێتە نێو گۆڕەپانی جەنگ و ململانێکانەوە، شارەزایان رایانوایە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرباری کێشەو قەیرانە خوێناوی و گەورەکانی ستراتیژ و گەمەی گەورەش لە ئارادایە. هاوکات میتۆدی خوێندن و قوتابخانە ئیسلامییەکان و توندڕەووی مەلا و بانگخوازەکان و گەشەکردنی سەلەفییەکان تێکڕا جێی گومان و بەرپرسیارێتی و لێکۆڵینەوەی رژدە.

لەو بارەیەوە ئاسۆ جەبار لە دەنگی ئەمریکاوە بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکان وتیوێژێکی لەگەڵ مەریوان نەقشبەندی بەڕێوبەری پەیوەندییەکان و پێکەوەژیانی ئاینی لەهەرێمی کوردستان سازدا.

مەریوان نەقشبەندی دەڵێت "سەلەفیەتی جیهادی مەترسییەکی ئێجگار گەورەیە لەسەر خەڵکی کوردستان؛ بەداخەوە بەهۆی خراپی ئیدارەدانی وڵات لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە لەماوەی 25 ساڵی رابردوودا ئەو باڵە یان ئەە رەوتە توندڕەوانە خەریکە لە کوردستان جێگەو پێگەی خۆیان دەکەنەوە"

هەروەها سەبارەت بە میتۆدی خوێندنی ئاینی ئیسلام و وانەکان مەریوان نەقشبەندی دەڵێت "لەبەرئەوەی مەنهەجی خوێندن لەهەرێمی کوردستان هەمان پاشخانی ئەو خوێندنەیە کە پێشتر لە بەغداو لەزەمانی رژێمی بەعس خوێندراوە، وە هەر هەمان ئەو خوێندنە ئیسلامییەیە کە لەسعودییە و تورکیا و لەئێران و لەمیسر و لەیەمەن خوێندراوە، مەنهەجەکە بەجۆرێک خەڵک بەرهەمدەهێنێت کە لێرەو لەوێ بواری ئەوەی تیادا بێت خەڵکێکی توندڕەو پێبگات کە بە داخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ گوێدانە ئایندەی ئەم وڵاتە خەڵکی دامەراندووە........ئێمە لەبەردەم مەترسییەکی راستەقینەداین."

هەروەها دەڵێت "ئەو مەنهەجە ئیسلامییەی کە هەیە بەڕاستی خەڵکی توندڕەو بەرهەمدەهێنێت، هەر ئەوەش بووەهۆی ئەوەی کە 500 گەنجی هەرێمی کوردستان تەنیا لەماوەی دوو ساڵدا پەیوەندی بە ریزەکانی داعش و گروپە توندڕەوەکانەوە بکەن لە سوریا، تەنانەت گەنجی ئێمە رۆیشتوون بۆ ئەفغانستان و زۆر وڵاتی تر بەناوی جیهادەوە، ئەمە هەمووی بەرهەمی تێگەیشتنی خراپی ئەو مەنهەجە ئیسلامییە بوو کە لەهەرێمی کوردستان ئەخوێنرا."

هەروەها سەبارەت بە مەلا و وتاربێژەکان مەریوان نەقشبەندی دەڵێت "بەشێک لە مەلاکان ژەهری کۆمەڵایەتی ئەڕێژن، بەجۆرێک ئەو ژەهرە کاریگەری هەیە کە ئێستا خەڵکێکی تەواو مێشکداخراو لە کوردستان پەیدابووە ئامادەیە لەسەر قسەی مەلایەک خەڵک بکوژێت لەسەر قسەی مەلایەک بڕواتە ناو داعش و ببێتە دوژمنی گەلەکەی."

هەروەها دەڵێت "بەڵێ تەوژمی سەلەفی لەهەرێمی کوردستان وەکو سەلەفی زانستیی خۆیان پیشاندەدەن و دوورن لە بابەتی جیهاد و ئەو شێوازە ترسناکەی کە داعش ئێستا کاری لەسەر دەکات، بەڵام لەهەموو حاڵەتێکدا هیچ زەمانەتێک نیە کە ئەم جۆرە سەلەفیەتە کە لەکوردستاندا سەریهەڵداوە، بە هەمان نەرمییەکەی خۆی بمێنێتەوە و دەست وەرنەدات لە رەوشی کۆمەڵایەتی و کولتوری هەرێمی کوردستان."

هەروەها دەڵێت "تەنها 40 قوتابخانەی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە"

دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە بن لە ڕێگەی ئەم فایلە دەنگیـیە

XS
SM
MD
LG