Accessibility links

هاوژین مەلا ئەمین: دەبێت هاندانی توندوتیژیی لە مینبەری مزگەوتەکانەوە رابگیرێن


ئەو کڵێشەسازییە شارستانییەی کە کۆمەڵگەیەکی زیندوو لە نەخشەیەکی یاسایی و سیاسی و ئابوری و دەستوریدا رێکدەخات، تێکڕا راماندەگرێت لەبەردەم تاوتوێکردن و شیکردنەوەگەلێکی ئەکادیمی و زانستیدا بۆ بەرپاکردنی وتووێژێکی هەمەلایەنە.

بەپێی راوبۆچونی ئەکادیمیست و شارەزاکان چەند کۆڵەکەیەکی پڕ بایەخ و بنچینەیی هەن کە شوناسی تەواوی کۆمەڵگە لە مەودایەکی شارستانیی جیاوازدا بەرجەستە دەکەن. سەرباری ژێرخانی ئابوریی و هاوکات مەودای سیاسی و ئایدۆلۆژی؛ کۆمەڵێک کۆڵەکەی گرنگ هەن وەک رەوتی زانستی و ئەکادیمی زانکۆکان و دەستور، کۆمەڵگە وەک دامەزراوەیەکی مۆدێرن کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە تیایدا هەست بە ژیان و مرۆڤبونی خۆیان بکەن و کولتۆریش وەک هێزێکی شارستانی زیندوو، کە پێکڕا زیندوێتی و دامەزراوەیی کۆمەڵگە رەنگڕێژ دەکەن. بەڵام بەبێ دەستخستنە سەر تەواوی کەمکوڕی و نەهامەتی و کوڵەکە شکستخواردووەکانی ژیانێکی شارستانی شایستە، مۆمکین نییە رەهەندە زیندووەکانی ئەو ئاستە ژیارییە بەرجەستەبکەین.

ئاسۆ جەبار لە دەنگی ئەمریکاوە بۆ بەرنامەی رەهەندەکان وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و لێکۆڵەرەوە هاوژین مەلا ئەمین سازداوە.

سەبارەت بە توندڕەوی ئاینی و ئەو مەلایانەی کە پێشێلکاری بەرامبەر بە مرۆڤایەتی دەکەن، هاوژین مەلا ئەمین دەڵێت "هەتا ئێستا بە هیچ شێوەیەک هێزێکی ئاینی، یان کەسێکی توندڕەوی ئاینی نەهێنراوەتە بەردەم لێپرسینەوە بەرامبەر بە ئەو دەستدرێژیانەی بۆ سەر رۆشنبیران و ناوەندە مەدەنییاکان دەیکەن."

هەروەها دەڵێت "پێویستە ئەو دەستدرێژیکارییە ئەم توندوتیژییە رەمزییە، ئەم خوێن حەڵاڵکردنە لەسەر مینبەری مزگەوتەکانەوە سنورێکی بۆ دابنرێت، ئەم بێ حورمەتیکردنە بە ژیان و بە ئافرەت و بە خەڵکی ئازادیخواز و بە مرۆڤی مەدەنی و رۆشنبیران، وەکو وتم ئەو فەتوادانە بەردەوامە دژی نوسەران و رۆشنبیران و خەڵکی ئازادیخواز پێویستە کۆتایی پێبێت."

لەبارەی پڕۆژەی ستراتیژی بۆ روبەڕووبونەوەی گەشەکردنی توندڕەوی ئاینی و تیرۆر؛ هاوژین مەلا ئەمین دەڵێت: "پەیوەندی بە سەقامگیری سیاسی و بەختەوەری کۆمەڵایەتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە کە لەڕووی ئابوری و سیاسییەوە ئەمە بە تێڕوانینی من دەبێتە رێگرییەکی گەورە لەبەردەم تەشەنەکردنی هێزێکی ناشرینی وەکو هێزە ئیسلامی و ئاینییە توندڕەوەکان بەشێوەیەکی گشتی، لەم ڕووەوە ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر چاومان بڕیوەتە سەرئەوەی کە پرسی دیموکراسی و مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ، پرسی دەستورێکی سیکولار و مەسەلەی سیکولاریزم و بەختەوەری کۆمەڵایەتی کە ئەمانە راستەوخۆ پەیوەندیان بە ڕیشەکێشکردنی ئەو هەلومەرج و بارودۆخانەوەیە کە دەشێت ئەمجۆرە هێزانە تیاییدا گەشەبکەن."

هەروەها دەڵێت "پێویستە ئاین بخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەی زانستییەوە"

فەرمون لەگەڵ تەواوی وتووێژەکە......

XS
SM
MD
LG