Accessibility links

دەزگاى دژەتیرۆرى هەرێمی کوردستانی عێراق كوژرانى سەركردەیەكى باڵاى داعشى راگەیاند


دەزگاى دژەتیرۆرى هەرێمى كوردستانی عێراق كوژرانى سەركردەیەكى باڵاى داعشى لە حەویجە راگەیاند و بەرپرسانى ئەمنى پارێزگاى كەركوكیش دەڵێن ئەو سەركردانەى داعش كە دەكرێنە ئامانج هەموویان سەركردەى مەترسیدارن.

فەرماندەیەكى باڵاى ئەمنى لە پارێزگاى كەركوک، ئاماژەى بەوەكرد ئەو سەركردانەى داعش كە لە حەویجە دەكرێنە ئامانج زۆربەیان سەركردەى رۆڵدار و مەشق پێكراون و ، وتى"خەڵكێكى زۆر لەناو حەویجەدا هەن هاوكارى دژە تیرۆر و دەزگا ئەمنیەكان دەكەن ، ئەو خەڵكانە سەركردەكانى داعش بۆ دەزگا ئەمنیەكان دەستنیشان دەكەن"

بەپێى راگەیاندراوەكەى دەزگاى دژە تیرۆرى سەربە ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم، سەركردەكەى داعش كە كوژرانى راگەیەنراوە ناوى ئەحمەد عەبدوڵا ناسراو بە ئەبو حەزیفەیە ، كە بەرپرسى سەربازى كەرتى دوبزى داعش و سەرپەرشتى زۆربەى كردەوە خۆكوژیەكانى داعشى لەسنورى كەركوك كردووە.

لیوا محەمەد قادر بەرپرسى میحوەرى داقوق لەباشورى كەركوك، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئەو سەركردانەى داعش كەدەكرێنە ئامانج هەموویان جێى مەترسین بۆیە دەزگا ئەمنیەكانى هەرێم و هاوپەیمانان هەوڵى لەناو بردنیان دەدەن."

پێشتریش مەلا شوان و چەندین بەرپرسى ترى دیارى داعش لەلایەن فرۆكەكەكانى هاوپەیمانانەوە لەناوچەى كەركوک كراونەتە ئامانج.

XS
SM
MD
LG