Accessibility links

كۆمەڵ و یەكگرتوو: قسەكانی نێچیرڤان بارزانی نیگەرانی كردین و چاوەڕێی وەڵامی ڕەسمی پارتی دەكەین


لایەنە سیاسیەكانی كوردستان (بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، هەروەها كۆمەڵی ئیسلامی ڕایدەگەیەنن چاوەڕوانی كۆبونەوەی ئایندەی پێنج لایەنە سیاسیەكە دەكەن بۆ وەرگرتنی بۆچونی ڕەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دوو بژاردەكەیان.

لەو بارەیەوە ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی شاندی دانوستانكاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند:چاوەڕێی كۆبونەوەی داهاتوو دەكەین وەڵامی پارتی لەوەفدی دانوستانكاری پارتی وەردەگرین نەك لەملاو لا و هیوادارین كۆبونەوەكان چیتر درێژە نەكێشێت تا خەڵك متمانەی بەكۆبونەوەكان زياتر لەق نەبێت."

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای بەشداری كردنی لەكردنەوەی كڵیسای ڕۆژهەڵات لەشاری هەولێر دوێنێ‌(27-9-) لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا ئەوەی خستەڕوو دەبوو بژاردەكانی چوار لایەنەكە پێچەوانە بووایە،یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت ئەم قسانە ئێمەی نیگەران كرد و لەو ئەبوبەكر هەڵەدنی دەڵێت"بەڕاستی ئەو قسانەی كاك نێچیرڤان بارزانی ئێمەی نیگەران كرد."

ئەبوبەكر هەڵەدنی سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان و هاوكات ئەندامی شاندی دانوستانكاری ئەو حیزبە هۆشداری دا لە بنبەست گەیشتنی كۆبونەوەكان ئەگەر هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان هەمان قسەكانی نێچیرڤان بارزانی بێت و وتی:ئەگەر ڕای پارتیش هەمان ڕا بێت ئەوا دەبێت وەك چوار لایەنەكە كۆببینەوە و هەڵوێست ڕابگەیەنین بەدوری نازانم كۆبونەوەكان بگەنە بەربەست."

نێچیرڤان بارزانی لە وتەكانیدا بژاردەی لایەنەكانی بە(سەیر)ناوبرد،بەڵام ئەندامەكەی شاندی دانوستانكاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێت"هیچ سەیر نەبووە بژاردەكانمان بەڵكو سەیر لەوەدایە لایەنێك بیەوێت هەموو داواكاریەكانی خۆی جێ بەجێ بكات و هیچ نەداتە لایەنی تر."

هەروەها كۆمەڵی ئیسلامیش چاوەڕێی وەڵامی پارتی دەكەن لە كۆبونەوەی داهاتووی پێنج قۆڵیەكان كەوابڕیارە(6)ی مانگی ئایندە ئەنجام بدرێت.

لەوبارەیەوە : ڕێبوار حەمەد وتەبێژی فەرمی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و ئەندامی شاندی دانوستانكاری ئەو حیزبە بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند:ئەو بژاردانەمان بۆ سازان نوسیووە و دوو بژاردەی ئاسایی و یاسایین."

هەروەها وتی:ئێمە دەمانەوێت سیستمی وڵاتەكەمان سیستمێكی پەرلەمانی بێت، سەرۆكێكمان دەوێت كە لەبەردەم پەرلەمان لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت."

هەفتەی ڕابردووتر هەر چوار لایەنەكە (یەكێتی نیشتمانی كوردستان،بزوتنەوەی گۆڕان،یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانـ ، كۆمەڵی ئیسلامی) لەمیانی كۆبونەوە پێنج قۆڵیەكانیاندا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانلەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دوو پێشنیازیان خستەبەردەم پارتی بۆ چارەسەركردنیئەو پرسە، لەیەكەم لێدوانی پارتی دیموكراتی كوردستانلەسەر ئاستی باڵا دوای پێشكەشكردنی ئەو بژاردانە لەلایەن چوار لایەنەكەوە دوێنێ‌ یەكشەممە 27-9-2015 نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای بەشداری كردنی لە ڕێوڕەسمی گواستنەوەی كەنیسەی ڕۆژهەڵات لە ئەمریكاوە بۆ هەولێر لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسان لەبارەی ڕای پارتی لەسەر دوو بژاردەی چوار لایەنەكە وتی"بژاردەی لایەنەكان سەبارەت بەهەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم سەیرن و دەبوو پێچەوانە بووایە.

لەیەكەم كاردانەوەی بزوتنەوەی گۆڕانیشدا دوای وتەكانی نێچیرەڤان بارزانی،محەمەد تۆفیق ڕەحیم بەرپرسی ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بيَشتر بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند: ئەگەر وەڵامی پارتی لەكۆبونەوەی داهاتوودا وەك ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بێت كۆتایی بە گفتوگۆكان دەهێنین."

XS
SM
MD
LG