Accessibility links

ئەندامێكى سەركردایەتى پارتى: ئەگەر لایەنەکان بە ڕێکەوتن نەگەن هاوپەیمانێتى و حكومەتى تازە دروست دەكرێت


ئەندامێكى ئەنجومەنى سەركردایەتى پارتى، ئاشكرایكرد لە ماوەى 10 رۆژى داهاتوودا ئەو كێشەیەى لە نێوان لایەنەكاندا لەسەر پرسى سەرۆكایەتى هەرێم دروست بووە یەكلایى دەبێتەوە، دەڵێت"كێشەكە تەنها لەسەر چۆنیەتى هەڵبژاردنى سەرۆكە، بەوەى لەناو پەرلەمان هەڵبژێرێت یان لەناو خەڵک."

نورى حەمە عەلى، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئەگەر نەگەیشتینە رێككەوتن دەبێت بڕیارى چۆنیەتى هەڵبژاردنى سەرۆک بخەینە دەست خەڵک."

ناوبراو، ئاماژەى بەوەكرد وەكو پارتى ئەگەر رازى بن سەرۆک لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت توشى ئیحراجى دەبن لاى جەماوەرەكەیان و ڕەنگە لایەنەكانى تریش پێیانوابێت گەر ڕازى بن سەرۆک لەناو خەڵكەوە هەڵبژێرێت بەهەمانشێوە تووشى ئیحراجى بن، "بۆیە دەبێت تۆپەكە بخەینە ساحەى خەڵک هەتا هەردولامان لە ئیحراجى رزگارمان ببێت."

ئەندامەكەى ئەنجومەنى سەركردایەتى پارتى، روونیكردەوە ئەگەر لەگەڵ لایەنەكاندا نەگەنە رێككەوتن هاوپەیمانێتى تازە و كابینەى تازەى حكومەت دروست دەبێت و وتى"هەر لایەنێک لە بۆچوونى خۆى نایەتە خوارەوە با ببێتە ئۆپۆزسیۆن."

لاى خۆشیەوە بەهار مەحمود ئەندامى لیژنەى دانوستانكارى بزووتنەوەى گۆڕان لەگەڵ لایەنەكان، ئاماژەى بەوەكرد هێشتا ئاقارى رووداوەكان دیار نیـیە بەرەو كوێ‌ دەچێت و بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"لاى گۆڕان ستراتیژە دەبێت سەرۆک لە پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت و دەسەڵاتەكانیشى كەم بكرێتەوە."

یەكێتى نیشتیمانى كوردستان كە بەبڕواى چاودێران ململانێى نێوان گۆڕان و پارتى لەسەر پرسى سەرۆكایەتى هەرێم یەكلایى دەكاتەوە بۆچوونى جیاوازى تێدا دروست بووە، بەشێكیان دژى درێژكردنەوەى وادەى سەرۆكایەتیەكەى بارزانین و بەشەكەى تریان نەرمى دەنوێنن.

XS
SM
MD
LG