Accessibility links

چەند زانیاریەکی ورد لە بارەی ئۆپەراسیۆنى هێزە تایبەتەكەى ئەمەریكا لە قەزاى حەویجە


بەرەبەیانى ئەمڕۆ پـێنجشەممە هێزێكى تایبەتى ئەمەریكایى كە چەند فڕۆكەیەكی هەلیکۆپتەریان پێبووە، لە سەربازگەیەكى داعش لە گوندى مەهافیس ى رۆژئاواى حەویجە دابەزیون و پاش پێكدادانى كورت لەگەڵ چەکدارانی داعش سەربازگەكەیان كۆنترۆڵكردووە.

پیتەر کوک گوتەبێژی وەزراەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت هێزی تایبەتی کوردی بە پاڵپشـتی هێزی تایبەتی ئەمەریکایی سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکەی کردووە و لە ئاکامدا 70 بارمتە ڕزگارکراون، لەوانە 20 کەسیان لە هێزە ئاسایشیـیەکان بوون. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک چەکداری داعش کوژراون کە لە 10 چەکدار زیاترن و 5 چەکداری دیکەی داعش دەسـتگیرکراون، بەڵام سەربازێـکی هێزە تایبەتەکەی ئەمەریکا لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکە گیانی لەدەسـتداوە و 4 پـێشمەرگەی هێزە کوردیـیەکەش برینداربوون. گوتیشی 5 فڕۆکەی هەلیکۆپتەر لە ئۆپەراسیۆنەکە بەکارهاتوون.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەكى باڵاى ئەمنى لە پارێزگاى كەركوک زانیارى وردى لەسەر ئۆپەراسیۆنى هێزە تایبەتە ئەمەریكیەكە بۆ دەنگى ئەمەریكا ئاشكرا كرد و ، وتى"هێزە ئەمەریكیەكە رۆیشتوونەتە سەر سەربازگەیەكى داعش ، كە گومان دەكرێت لەو جێگەیەدا بەرپرسى باڵاى داعش و زیندانى تێدا بووبێت."

سەرچاوەكە ئاماژەى بەوەشكرد تا ئێستا پۆلیسى عێراقى و هێزى پێشمەرگە زانیاریان لە بارەى ئامانج و چۆنیەتى پرۆسە سەربازیەكەى ئەمەریكا نیە ، وتیشى"بەپێى زانیاریەكانى ئێمە پاش پێكدادانێكى كورت ، دەست بەسەر جێگەكەدا گیراوە و چەند بەرپرسێكى داعشیش دەستگیركراون."

هیچكام لە پۆلیسى عێراقى و هێزى پێشمەرگەش ئاگادارى ئەو پرۆسە سەربازیەى هێزە تایبەتەكەى ئەمەریكا نین، كە بەرەبەیانى ئەمرۆ لە رۆژئاواى حەویجە ئەنجامدراوە و بەپێى سەرچاوەكان سەربازێكى ئەمەریكى گیانى لەدەستداوە و 70 بارمتەش رزگار كراون.

عەمید سەرحەد قادر بەرێوەبەرى پۆلیسى قەزاو ناحیەكانى كەركوك، ئاماژەى بەوەكرد چەند فرۆكەیەكى ئەمەریكى ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجامداوە و چوونەتە سەر جێگەیەكى ستراتیژى داعش و وتى"بەڵام ئێمە وەكو پۆلیسى عێراق نازانین ئەو بارمتانەى هێزە ئەمەریكیەكە رزگارى كردوون ژمارەیان چەند كەس بووە و لەچى نەتەوەیەك بوون."

هاوكات جەبارە یاوەر ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگەى حكومەتى هەرێم ، ئاشكرایكرد ئەوان وەكو وەزارەتى پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەك ئاگایان لە ئۆپەراسیۆنەكەى هێزە ئەمریكیەكان نیە، وتى"ئێمە 5 خولەك جارێك قسە لەگەڵ ژوورى ئۆپەراسیۆن دا دەكەین ، لەو هەزار كیلۆمەترەى كە بەدەست پێشمەرگەوەیە هیچ شتێك رووینەداوە."

پێشتر هێزەكانى ئەمەریكا چەند جارێك لە سوریا ئۆپەراسیۆنى تایبەتیان بە مەبەستى دەستگیركردنى بەرپرسانى داعش ئەنجامداوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:58 0:00

XS
SM
MD
LG